IMAGE 2018 08 30 112835

 

لاوان میدیا: کیانووش ڕۆستەمی وەرزشوانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامی تیپی ئاسن هەڵگریی ئێرانە، لە لایەن ناوەندی فیدراسیۆنی ئاسن هەڵگریی ئێرانەوە لە تیپی ئێران دوور خرایەوە و بۆ کێبڕکێیە جیهانییەکان بانگهێشت ناکرێت.

عەلی مورادی، بەرپرسی ناوەندی فیدراسۆنی ئاسن هەڵگریی ئێران، بە بیانووی ئەوەی کە کیانووش ڕۆستەمی بە دوور لە چاوەدێری ڕاهێنەران و کادرەکانی تیمی ئاسن هەڵگریی ئێران ڕاهێنانی کردووە، بۆ کێبڕکێیە جیهانییەکان لە تیپی ئاسن هەڵگریی ئێران دووری دەخاتەوە.

شایانی باسە کە ئەو وەرزشوانە کوردە لە کێشی ۸۵ کیلۆ گرەمی ئاسن هەڵگرییدا چەندین سەرکەوتنی جیهانی و ئاسیایی بەدست هێناوە و ۳ میداڵی زێڕ و ۵ میداڵی زیوی ئاسیا و جیهانی بەنێوی خۆیەوە تۆمار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی "ویکی پیدیا" بڵاو کراوەتەوە، ناوبراو ساڵی ڕابردووی زایینی لە کێبڕکێیە نێونەتەوەییەکانی ئاسن هەڵگریی کە لە وڵاتی قەزاقستان بەڕێوە چوو، پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانە بە نێوی خۆیەوە تۆمار دەکات، پاشان بەمەبەستی یارمەتی دان بە بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان، میداڵە زێڕەکەی دەفرۆشێت.

کیانووش ڕۆستەمی ڕێکەوتی ۱ی پووشپەڕی ۲۶۹۱ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۲۳ی ژووئەنی ۱۹۹۱ی زایینی، لە شاری شائاباد سەر پارێزگای کرماشان له ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و هەر لە منداڵییەوە خولیای یاریی ئاسن هەڵگریی دەبێت و لە ساڵی ۲۰۱۱ی زایینی بۆ یەکەم سەرکەوتنی کێبڕکێیەکانی ئاسیا بەدەست دەهێنێت.