IMAGE 2018 08 27 233204

لاوان میدیا: لە درێژەی سەرکەوتنەکانی وەرزشوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کێبڕکێیەکانی ساڵی ۲۰۱۸ی وڵاتانی ئاسیا، وەرزشوانێکی تری کورد، خەڵکی شاری سونقوڕ لە پارێزگای کرماشان، پلەی یەکەمی بە دەست هێنا.

حوسین کەیهانی، وەرزشوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە ناوی تیمی ئێرانەوە لە کێبڕکێیەکانی ئاسیا بەشداری کردبوو، لە ڕاکردنی ۳۰۰۰ متری بە مەودایەکی زۆرەوە لەگەڵ وەرزشوانە بەشداربووەکان، بە خێرایی ۸ خۆلەک و ۲۲ چرکە، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانەی بە نێوی خۆیەوە تۆمار کرد.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو وەرزشوانە کوردە ساڵی ڕابردوو لە کێبڕکێیەکانی ئاسیا کە لە وڵاتی هیندوستان بەڕێوە چوو، پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانەشی وەرگرتووە.

کێبڕکێی ڕاکردنی ۳۰۰۰ متری کە یەکێک لە زەنجیرە یارییەکانی ساڵی ۲۰۱۸ی وڵاتانی ئاسیایە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ۵ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۲۷ی ئاگۆستی ۲۰۱۸ی زایینی، بە بەشداری وڵاتانی قەتەر، بەحرەین، چین، ژاپۆن و ئێران لە شاری "جاکارتا" پێتەختی وڵاتی ئەندۆنێزی بەڕێوە چوو.