IMG 20190201 224903 989

 

لە ڕێکەوتی ۱۳ و ۱٤ی فێبریوەر کۆبوونەوەیەکی پان و بەرین بە مەبەستی ناساندنی سەرچاوەکانی ناسەقامگیری و ڕێککەوتن بۆ سەقام گیرکردنی ئاسایش و ئاشتی و لە نێوبردنی تیرۆریزمی جیهانی و مەترسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە لەهستان بەڕێوە دەچێت.
 
نوێنەرانی زیاتر لە ۱۰۰ وڵاتی جیهان لەم کۆبوونەوە بەشدار دەبن، لەسەر ڕێکارێکی نوێ و گونجاو ڕێکدەکەون و دەکرێ بڵێین کە ئەمە سەرەتای گۆڕانکاری و هەوڵدانێکی مەزن بۆ چارەسەری ناکۆکی و کێشەکانی مەترسی دار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
 
ئەوەی کە ڕوونە یەکم هەنگاو بۆ چارەسەری ناکۆکی و بابەتەکانی مەترسی دار لە ناوچەکەیە، کە پێوەندی دارە بە حکوومەتی دیکتاتۆر و توتالیتەری ئێران "سوپای پاسداران، هێز و لایەنە تیرۆریستییەکانی ژێر دەسەڵات و گرێدراو بە ئێران و بەگشتی بابەتە تێکدەرانەکانی پێوەندیدار بە ئێران" کە لە ناسەقامگیری نەزم و هێمنی ناوچەکە و بە تایبەت تیرۆریزمی جیهانی و بابەتە پڕ مەترسییەکانی دیکەشدا، دەستی هەیە و پێویستە تا لە سەرەتای دامەزراندنی بەرنامەی ئەمنییەتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم سەرچاوە تیرۆریستیە لە سەر ڕێگا لاببردرێت.
 
حکوومەتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری ئێران بە لە ژێر پێ نانی یاسا نێو دەوڵەتی و بە تایبەتی پێڕەوی نەکردن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە شێوەی شاراوە بۆ سازکردنی چەکی قەدغەکراو و کۆمەڵکوژ، هەوڵێکی زۆری داوە، هەروەها بە بەهێزکردن و پەرەپیدانی گروپ و لاینەکانی تروریستی، بووە بە مەترسییەکی گەورە و دژبەری ئاشتی و ئاسایش.
 
بۆیە لەو کۆبوونەوەیە دەبێ لەسەر ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە شیکاری بکرێ و نهێنییەکانی پڕ لە مەترسی ڕێژیم،بۆ جیهان ئاشکرا بکرێن.
 
ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا سەرەتای دۆزینەوەی ڕێکارێکی نوێ بۆ چارەسەرییە و دەستپێشخەریەکیە لەلایەن ئەمریکا و هاوپێمانەکانی، کە ڕەنگە لە داهاتوو دا گۆڕانکاریەکی فرە ڕەهند و گشتگیر لە بواری ( گۆڕانکاری لە دەسەڵات، سیاسەت، جۆگرافیا، ئاسایش، ئابووریی، نەتەوەیی، مافی مرۆڤ و... هتد ) هەنگاو هەڵگرێت.
 
بابەتێکی دیکە کە ساڵانێکی دوورە لە ناوچەکە بووەتە هۆی ناکۆکی و کارەساتی دڵتەزێنی لێکەوتووەتەوە، ئەویش زەوت کردنی مافی جوگرافییایی نەتەوەیی کوردە.
 
سەدان ساڵە کە خاکی کوردستان داگیر کراوە و تاڵان دەکرێت، داگیرکەران بە تەواوی هێز و توانای خەڵکی کوردیان گەمارۆ داوە و دەیچەوسێننەوە، بەردەوام بە زۆر و خوێنڕێژی بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد هەوڵدەدەن و جیهانیش بەس بینەرێکی بێهەڵوێستی ئەم ڕووداوانە بووە.
 
ئەمڕو ئەوەی کە بۆ هەموو لایەک ڕوونە ئەوەیە کە یان دەبێ بە تەواوەتی نەتەوەی کورد لە ناو بەرن یان دەبێ وەڵامدەری داخوازییەکانیان بن، بۆیە یەکێک لە هەنگاوەکانی دیکەی پڕۆسەی سەقام گیر کردنی ئاسایش و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نەتەوەی کوردە.
 
بەڵام گەلی ئێمە ناکرێ ئەو دەرفەتەی کە ئێستا بۆمان هەڵکەوتووە لە دەست بدات، بە جارێک و بۆ هەمیشە دەبێ بە یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستیەکی گشتگیرانە بۆ وەدیهێنانی هەموو مافە زەوت کراوەکانی نەتەوەکەمان بە هەموو توانەوە تێبکۆشین، وەکوو ڕابردوو تووشی کارەساتی گەورەتر نەبین و مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان بە دەست خۆمان بێت.
 
 
دیارە دوای ئاشکرا کردنی گەندەڵی و مەترسیەکانی ڕێژیم لەو کۆبوونەوەیە، جیهان هەڵوێستێکی توند و تیژتری لە جاران دژ بە ڕێژیمی ئێران دەبێ بگرێ، بۆیە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێ بە هەموو تواناوە هەوڵ بدا و، بۆ بە دەست هێنانی مافەکانی تێبکۆشێ و لەم هەلەش کە هەڵکەوتووە کەڵک وەربگرێ بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بگەیێنێتە ئەم کۆنفڕانسە و وەکوو نەتەوەیەکی پڕ حەشیمەت لە ناوچەکە دا داواخوازییەکانی بە گوێی جیهانیان بگەیێنێت. 
 
 
نووسین: ئازاد گوڵستانی
 
ئەم بابەتە بیر و ڕای نووسەر خۆیەتیی و هیچ پێوەندی بە ماڵپەڕەوە نییە