285763 cea78300975884d4655275d42ffc2985

 

 
نەتەوەی کورد هەموو جارێک کە خاوەنی دەسەڵات بووە لەلایەن دوژمنەکانی ‌هەوڵی لە ناوبردنی دەسەڵاتەکەیان دراوە و بگرە دوای لە دەستدانی دەسەڵاتیش لە ژێر گەمارۆ و چەوسانەوە بووە، بەڵام هیچ کات لە شۆڕش و خەبات بۆ ‌‌ئازادی و ڕزگاری دەستی نەکێشاوە، بۆیە بە شانازییەوە ئەمڕۆ نیشتمان و خاکی تایبەت بە گەلەکەمان واتا کوردستان، زمان وکولتووری و بە گشتی نەتەوەکەمان لە ناونەچووە، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە بە تەواوەتی سەرکەوتووین، بمان هەوێت یان نەمان هەوێت دوژمنەکەمان لە کەمتر خەمی ئێمە نێسبەت بە پڕسی نەتەوەیی بە دژی خۆمان کەڵکیان وەرگرتووە و، رۆژ بە ڕۆژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەکەمان هەوڵی لە ناوبردنمان دەدات، لە بواری ئابووریی، سیاسی و کۆمەلایەتی، بە گشتی لە هەموو ئەو چەمکانە کە بە ژیانی ڕۆژانەی نەتەوەکەمان پێوەندی هەیە ئێمەیان لە ژێرگوشار وگەمارۆ دا داناوە.
 
دیارە کە پێویستیمان بە گۆڕانکاری و بەرەنگاری هەیە، ئەویش بە هەوڵ و هیمەتی خەڵکی شۆڕشگێڕی نەتەوەکەمان جێبەجێ دەکرێ.
 
بەگشتی شۆڕشگێڕ بەو مرۆڤانە دەگوترێ کە زیاتر لە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەست بە چەوسانەوە و زەوت بوونی مافیان دەکەن و، باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕێکی ڕزگارکەرانە هەیە و بە لە خۆبردوویی بە هەموو تواناوە تا گەیشتن بە ڕزگاری تێدەکۆشی.
 
بە خۆشییەوە ئەمرۆ گەلەکەمان بە تێكۆشان و خەباتکردن لە ڕیزەکانی شۆڕش توانیویانە بە هەندێک لە مافە سەرەتاییەکانیان بگەن ،هەر چەند لەگەڵ گیروگرفتی زۆر بەرەوڕوو بوون ،بەلام گرنگ بەردەوامی شۆڕشە . 
 
ئێمە وەکوو گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بیرمانە، خەباتی حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتی شەهیدی نەمر قازی محەممەد و بەشداری کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێر، ۷۳ ساڵ لەمەوبەر توانینان سەرکەوتەنێکی مەزن تۆمار بکەن، واتا دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردی، کە بە گشتی ڕەوتی خەباتی گەلی کورد بەرەو ڕێکخراوەیی تر بوونی هێز و توانایی کورد و گشتی کردنی خەبات لە دژی داگیرکەر برد.
 
بەداخەوە جیهان لە سەدەکانی ڕابردوو بە هۆکارەکانی جوراجۆر و بەرژەوەندی پشتی دەکردە شۆڕش و خەباتی گەلی ئێمە کە لە کۆتایش داگیرکەرەکان بەبێ وەڵام دانەوە بە خواستەکانی نەتەوەکەمان دەستیان دەکرد بە خوێنرێژی، بەڵام بە خۆشییەوە لە جیهانی ئەمڕۆیی بە هۆی تێکنۆلۆجی و کەرەستەکانی پێوەندیی و گەندەڵیی بێ عەداڵەتی دەسەڵاتداران بە زووترین کات ڕوون دەبێتەوە و هیچ شتێک داناشردرێ و شانسی سەرکەوتنی عەداڵەت گەلێک زۆرە.
بۆ نموونە ناوی کورد و کوردستان لە هەموو جیهان ناسراوە و ئازایەتی و لە خۆ بردوویی پێشمەرگە، بووە هۆکارێک کە بۆ هەموو لایەک ڕوونبێتەوە و بە جیهانیش بسەڵمێندرێ کە تا گەیشتن بە مافەکانمان لە خەبات بەردەوامین و سەر بۆ دوژمن نەویی ناکەین.
 
لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، نەورۆزێکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەو نەورۆزە کە تەنیا نوێ بوونەوەی سرووشت نەبوو، بەڵکوو ڕاگەیاندنی نەورۆزی خەباتیش بوو بە بڕیاری نوێی حیزبی دێموکرات واتە ڕاگەیاندنی ڕاسان کە پاش ماوەیەکی زۆر لە ڕاگرتنی خەباتی چەکدای، حیزبی دێموکرات دووبارە خەباتی چەکداری و، هەمە ڕەهەندی خۆی دەست پێ کرد و هەر ئەو ڕاسانەش بوو کە بۆ جارێکی‌ تر هیوای ئازادی و ڕزگاری لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا زیندوو کردەوە و، بووە هۆی گەشە کردنێکی زۆری خەبات و هەتاکوو ئێستا کە دەبینین پۆل بە پۆل هاوڕێ پێشمەرگەکانمان پەیوەست دەبن بە ڕیزەکانی شۆڕش و تاک بە تاکیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە سەرکەوتنی خەباتی نەتەوایەتی و هەر ئەوەیە کە حکومەتی ئاخوندی هێناوەتە لەرزە و ڕۆژ بە ڕۆژ پیلانی تۆکمە دادەرێژێ بۆ لە ناو بردنی ئەو بزووتنەوەیە.
 
بەڵام شۆڕشی گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵات بە مەرجێک سەردەکەوێ کە خەڵک ئەم شۆڕشە بە شۆڕشێ خۆی بزانێ و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تیایدا بەشداربن، بە تایبەتی لاوان و ژنان کە ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لە شۆڕش و ڕزگاری.
 
هەموومان بە جارێک و بۆ هەمیشە دەبێ بخرۆشێین و هەتا ڕزگاری چەک دانین وشەقام بەرنەدەین، ئەوەیە ڕەمزی سەرکەوتنی شۆڕش.
 
 
نووسین: کوردیار
 
ئەم بابەتە بیر و ڕای نووسەر خۆیەتیی و هیچ پێوەندی بە ماڵپەڕەوە نییە