\photo 2019 01 31 22 45 06

 

 
 
 
سێ مانگ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٢ی بانەمەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئاڵۆزی لە نێو هێزەکانی ئەرتەش و نەبوونی متمانە و باوەڕمەندی پێویست لە نێوان ئەرتەش و حکوومەتی نوێ ڕوحوەللە خومەینی بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی نیزام و پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دەرەکی، شۆڕشی نێوخۆیی،کودتا و لەنێوبردنی لایەنە سیاسیەکان و سەرکووتی دژبەران و…هتد
بڕیاری پێکهێنانی هێزێکی فەرمانبەر بە ناوی سوپای پاسداران درا و دواتر سوپای پاسادارانی لە ناو یاسای بنەرەتی گونجێندرا.
 
سوپای پاسداران لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ڕۆڵێکی گرینگی و بەرچاوی هەبوو توانیی بەرنامە و پلانەکانی حکوومەت بێ ئەملا و ئەولا جێبەجێ بکات.
 
چەند ئەرکی سەرەکی سوپا لە سەرەتای دامەزرانی:
١-بە هەموو تواناوە لە بەرانبەر هێزە هێرشکەرەکان شەڕ بکات و سنوورەکانی ئێران بپارێزن.
 
٢- پەرەپێدان بە ئایینی ئیسڵام و بەتایبەتی مەزهەبی شیعەگەرایی لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و پێشگیری و سەرکووتی ڕۆشنبیران و دێموکراسی لە کۆمەڵگا دا.
 
٣-دامەزراندنی زیندانی شاراوە، ڕێکخراوی سیخوڕیی، سازمانی بەسیج و سەرکووتی خەڵکی شۆڕشگێر و ڕزگاریخوازی نێو کۆمەڵگا و لە نێوبردنی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جیاواز لە خۆیان.
 
٤-بەکەڵک وەرگرتن لە بیروباوەری کۆمەڵگای تۆخی ئیسلامی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن بۆ وێنە لە شەڕی هەشت ساڵە بە فریودانی کۆمەڵانی خەڵکی نەخوێندەوار وهەست ورووژاو بە ئایین و مەزهەب توانیان بە کۆکردنەوەی هێز و بەڕێکردنیان بۆ مەیدانی شەڕ خەڵکانێکی زۆر بە نێوی ئیسلام و ئایین بۆ سیاسەتێکی پاوانخوازانە بە کووشت بدەن.
 
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵە، سوپای پاسداران وەکوو ئەرتەش دەرەجە و پلەبەندی دەکرێ و کەمووکۆڕییەکانی چارەسەر و گرینگییەکی زۆرتری پێدەدرێ، پاش تێپەڕ بوونی ماوەیەک پایەبەرزەکانی سوپای پاسداران چاویان لە دەسکەوت و داهاتی زۆرترە، بەڵام ئابووری ئێران لاوازە و وڵامدەری ئەو داخوازییانە نین بۆیە حکوومەت بۆ بێدەنگکردنی سوپای پاسداران دەسەڵاتێکی زیاتری بە فەرماندە پایە بەرزەکانی سوپا سپارد، ئەم جارە سوپا لە باری نیزامی و ئەمنییەتی سەرتر دەڕوا و بە پشتگیری ڕاستەوخۆیی عەلی خامنەیی دەست دەخاتە نێو کاروباری سیاسەت.
 
بە بەهێزتر بوونی سوپای پاسداران لە باری نیزامی، سیاسی و هەروەها لە باری ئابووریی ئەمجارە بە بڕیاری حکوومەت دەستدەکات بە پشتیوانی لە هێز و لایەنە ئیسلامییە دەرەکییەکان لە وڵاتانی دراوسێی وەکوو عێراق، سوریە، لوبنان، یەمەن، فلستین، ئەفغانستان و …هتد، بۆ پەرەپێدان بە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی و، تەنانەت زۆرجار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سیاستی ئەو وڵاتانەش بە قازانجی خۆی دەستێوەرداندەکات.
 
دواتر سوپای پاسداران بە شێوەکانی جۆراوجۆر هەوڵدەدات تا لە بواری ئابووریی خۆی بەهێزتر لە جاران بکات بۆ وێنە:
-گرێبەستەکانی چەند ملیارد دۆلاری سوپا لە بواری نەوت و گاز لەگەڵ وڵاتەکانی تر.
 
-قاچاخی کەلوپەل وماشێن و… هتد لە ئیسکلە دامەزراوەکانی خۆی و سنوورەکان.
 
-ترانزیتی ماددەی هۆشبەر و فرۆش و بڵاوکردنی ،کە بەشێک لەم ماددە هۆشبەرە لە سەرانسەری وڵاتی ئێران بۆ قازانجی چەند لایەنە کە لەم بوارەوە چەنگی دەکەوێت.
-لە ئەستۆ گرتنی بەشێکی زۆر لە ساخت و سازی وڵات وەکوو پڕۆژە گەورەکانی بەنداو سازکردن، ڕێگاوبان و مێترۆ و…هتد
 
-بەشی راکێشانی لولەی نەوت و گاز، پاڵاوتنگاکان …هتد
 
-دامەزراندنی کارگەی چەک و چۆڵسازکردن، بەشداری لە گۆڕەپانی هەوا فەزا، فرۆکەخانەکان، بەشی پێوەندییەکان و دامەزرەوەکانی تر.
 
-بەشداری لە سیستەمی بانکی و بوورس و دەستێوەردان لە ئەرز و زێڕی ئێران.
 
-خستنە بن دەستی بەشی گومرگ، باج، هاتوچۆ.
 
-تاڵانکردنی بەشێکی زۆر لە شوێنەوارە مێژووییەکان، کانگا سرووشتیەکان و…هتد
 
تەنیا بەشێک لە دەسکەوتە ئابوورییەکانی سوپایە و لە دەیان بەشی دیکە بە دەیان ملیارد دۆلار لە سەرمایەیی خەڵکی ئێرانیان تاڵانکردووە و لە بەرانبەرداهیچ خزمەت و قازانجیان بۆ پێشکەوتن وباشتر کردنی بژێوی خەڵک نەکردووە و بەردەوام داهات و سەرمایەی وڵاتیان بۆ بڵاوکردنەوەی ترۆریزم و دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە بە کار هێناوە.
تەنانەت لە بەشی نیزامی و ئەمنییەتیش لایەنگری دەنگی خەڵک نەبوون و بە کووشتن ،چەوساندنەوە و خوێنرێژی بە ناحەق و دوور لە مڕۆڤایەتی خیانەتی هەرە گەورەیان بە خەڵک و وڵاتی خۆیان کردووە.
 
سوپای پاسداران بە پشتگیری ڕاستەوخۆ لە لایەن عەلی خامنەیی و کەسایەتییەکانی بەرزی حکوومەت لە ژێر ناوی پارێزگاری لە سەرمایە، خاک و خەڵکی وڵات بە پێچەوانە بە تەواوەتی تەوانەوە سەرمایە و بەرژەوەندی خەڵکی ئێرانیان لە نێو بردووە، لە داهاتووشدا بە شێوەی گەورەتر و بەرفراوانتر ئەم کارە دووپات دەکەنەوە بۆیە خەڵکی ئێران دەبێ بە زووترین کات پێش لەو باندە بگرێت بە تایبەتی لاوانی تازە پێگەیشتووی ئێران و بە تایبەتیتر نەتەوەی کورد دەبێ بە هەموو تواناوە پێش لە پەرەستاندنی سوپ پاسداران و سازمانەکانی ژێر دەسەڵاتی وەکوو بەسیج بگرن.
 
لێرە بە شیکاریەکی سەرەتایی بۆمان ڕووندەبێتەوە کە سوپای پاسداران تەنیا هێزێکی نیزامی و ئەمنییەتی نییە و بە دەستێوەردان بە شێوەی بەربڵاو لە بەشەکانی دیکە کە هیچ پێوەندییەکیان بە هێزێکی نیزامی نییە گەورەترین لێکەوتەی بۆ خەڵکی ئێران بەدواوە بووە.
 
 
نووسین : ئازاد گوڵستانی
 
ئەم بابەتە بیر و ڕای نووسەرە و هیچ پێوەندی بە ماڵپەڕەوە نییە