photo 2019 01 24 19 02 30

 

 
لە جیهانی ئەمرۆدا خەبات کردن بۆ گەیشتن یان ستاندنی مافی یەکسانی وەکوو ئەرکێکی سەرشانی ماف زەوتکراوان وایە، کە لە درووشمی حەفتایەمین ساڵڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ پێداگری لەسەر خەباتکردن بۆ یەکسانی کراوە. 
لاوانی کورد هەردەم خۆیان فیدای بەرز ڕاگرتنی هێما و ڕەمزە نەتەوایەتییەکان و گەیشتن بە یەکسانی و مافە ڕەواکانی نەتەوەکەیان کردووە و بونەتە وزەی دەیان ڕاپەڕین و شۆڕش لە مێژووی ئەم گەلە بە ئاوات نەگەیشتووە.
 
دوژمنانی کورد بەردەوام هەوڵیانداوە کە پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان بێ بایەخ بکەن و لە جێگەو پیگەی بەرزیان کەم بکەنەوە بەڵام هێزی چاو کراوە و هەمیشە لە گۆڕەپانی لاو ئەم هەوڵ و پلانانەی دوژمنی پووچەڵ کردۆتەوە و ئەم گەورەیی و بەرزیەی دە هێندە بەرزتر کردۆتەوە ،ئەو توێژەی کە ئامانج و بیری نەتەوەیی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان پاراستووە و گەشەی پێداوە و بۆتە هۆکارێک کە پەرە بستێنێ و دوژمنانی نەتەوەکەمان وەکوو ترسێکی ڕۆژانە بۆ سەر دەسەڵاتیان چ لە ڕابردوو چ لەئێستا و داهاتووشدا لێی دەڕوانن توێژی لاوی کۆمەڵگای کوردستانن.
 
نەیارانی ئەم نەتەوە بندەستە بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بە کەڵک وەرگرتن لە دەیان شێوەی جۆراوجۆری وەکوو هەڵخەڵەتاندن بەناوی دین و مەزهەب و ماددەی هۆشبەر و پلانی بەرنامە داڕێژراوی درێژ ماوە هەوڵیان داوە، ئەم وزە و بیر و هێزە کاریگەرە لەناو ببەن یان بیخەنە ژێر چاوەدێری و هەژمونی خۆیان کە بەدڵخۆشییەوە هەمیشە کەسانێکی زانا و تێگەیشتوو هەبوون و هەن کە ئەم پلانە قێزەونانەی دوژمن ئاشکرا بکەن و پێش بە سەرکەوتنی پیلانەکانی دژبەرانەی نەتەوە بگرن.
 
لەو وڵاتانەی کە کوردستانی گەورەی تێدا دابەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی کە لە ناوچە کوردستانیەکان چەند هێندەی ناوچەکانی تر فەزای ئەمنی و میلیتاریزەیان پێکهێناوە ،بەڵام خستنە ژێر چاوەدێری و زەخت و گوشار هێنان نەیتوانیوە ببێتە هۆی لاواز کردنی خەبات و ئەم شۆڕشکردنی دژ بە داگیرکەر سڕ بکات یان پێشی پێ بگریت. 
 
لاوان ڕۆڵ و دەوری کردەوەیی خباتیان لە ئەستۆیەو وەئەستۆیان گرتووە و ئەمەیان بە خوێن و بوونیان لە ڕیزەکانی خەبات سەلماندووە و بەردەوام لەسەرجەم شێوەکانی خەبات کردن بەدژی داگیر کەردا لەدەستپێشخەران و چەخماخە لێدەرانی هەر چەشنە بەرەنگار بوونەوە و هەڵوێست گرتنێک بەدژی زوڵمی زاڵمان بوو. 
 
بەڵام ئەوەی کە لەهەموو ئەم زەختوو هەڕەشە و ناڕەواییەی بەرامبەر بە لاوانی نەتەوەکەمان بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم بوارەکانی تێکنۆلۆژی سیخوڕی و هێزی ترسو و تۆقاندن و هەزاران پلان و پڕۆگرامی دیکە کە دەسەڵات داران و داگیر کەرانی خاکی کوردستان هەیانە گرینگترە ئەوەیە کە بۆ نەیانتوانیوە ئەم خەباتە لەناو بەرن یان بە تەواوی سەرکوتی بکەن.
 
یەکێک لەو هۆکارانە کە بەردەوام لە لایەن حیزبەکان و ئازادی خوازان باسی لێوە دەکرێت ڕەوایی ئەم خەباتەیە کە بەسەر کۆی گشتی ئەم ترس و لێکەوتانەی خەبات کردندا زاڵ دەبێ و هاندەری زۆرینەی خەڵکە بۆ خەباتکردن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. 
 
بەڵام ئەوە کە دەبێتە بەشێکی هەرە گەورە لەم خەباتە ڕەوایە هەوڵ دانە بۆ یەکسانی مرۆڤێک لە بەرامبەر مرۆڤێکی دیکەدا سەڕەڕای هەر چەشنە جیاوازی ڕەنگی ، ئاینی ، زمانی ، و... .
ئەم پرسە پەنابردنی لاوان بۆ شۆرش و لە ڕێگەی خەباتکردن هەوڵدان بۆ لەناو بردنی ئەو نایەکسانییەی چەند هێندە کردوە وە ڕەوتی داخوازیەکانی لە گۆڕەپانێکی گەورە بۆ گۆڕەپانێکی گەورەتر گواستۆتەوە. 
 
کاتێک لاوێکی کورد لەلایەن دەسەڵتەوە وەکوو لاوێکی کورد گرینگی پێنادرێت سەڕەڕای هەر چەشنە لێهاتوویی و پسپۆڕییەک و دژایەتی بێناسین و بێ لێکەوتە لەگەڵی دێتە مەیدان بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەکوو ئێران چەند لایەنی دژایەتی بەرامبەر بە تاکی کورد تەنیا بە ناساندنی تاک وەکوو کوردێک لەلایەن نەتەوەی دەسەڵات دار پێک دیت لایەنی ئایینی ، لایەنی غەیرە فارس وە لایەنی شارستانی کە ئەمانە لە جەوهەرەی خۆیاندا لە نایەکسانی مرۆڤ لە بەرامبەر مرۆڤدا و خۆ بە باڵا دەست زانینی پان ئیرانیستەکان واتایەکی دیکە ناگەیێنێت. 
 
تێگەیشتنی هەڵەی حاکمان و بە ڕوانگەی دوژمن لێکدانەوەکانیان بە بێ گوێبیست بوونی جەوهەرەی داخوازیەکانی نەتەوەی کورد بۆتە هۆی پەیدابوونی درزێک لە نێوان نەتەوەی کورد و وڵاتانی داگیر کەری نیشتمان کە زۆربەیان بە ڕوانگەیەکی جیایی خوازی و ئاژاوە گێڕانە دەڕواننە خەباتی نەتەوەی کورد لەکاتێکدا خەباتی نەتەوەکەمان لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان و ئەو مافانەی بۆ سەرجەم نەتەوەکان بەڕەوا زانراوە هیچ جیاوازییەکیان نییە و لە یەکەمینیشیان وەدەست هێنانی مافی یەکسانیە کە وەکوو مافێکی ڕەوا بەردەوام هەوڵی بۆ دراوەو دەدرێت تا گەیشتن بەم یەکسانیە ، تا ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە لە لایەن ئەم نەتەوانە زاڵ بێت ئەم خەباتە لەلایەن لاوان و درێژە دەرانی خەباتی یەکسانی بێ پسانەوە بوونی دەبێت .
 
ئەوەی کە جێگای سەرنجە و بۆ دژبەرانی نەتەوەی کوردیش سەلمێندراوە ئەوەیە کە ساڵانێکی
 
دوور و درێژە کە نەتەوەی کورد خەبات دەکات بۆ وەدەست هێنانی یەکسانی و ئامانج و پیرۆزییەکانی ، ئەگەرچی تا ئێستاش نەیتوانیبێت بەسەرجەم ئامانجەکانی بگات بەڵام هەرگیز وازی لە ئامانجەکانی نەهێناوە وە ئەو نایەکسانیەی قەبووڵ نەکردوە وە لەئێستاشدا هەر لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوامە لە خەبات. 
 
ئاڵا بەدەستانی خەباتی یەکسانی خوازی نەتەوەکەمان 
لە ڕابردوو و ئێستاو داهاتووشدا لاوانی چاو نەترس و گیان لەسەر دەستی نەتەوەی کوردن کە دەکرێ وەکوو نمونەیەک لە کۆڵنەدان و خەبات بۆ بەدەست هێنانی مافی یەکسانی ببنە سەرمەشق و سەمبوول بۆ باقی لاوان و نەتەوەکانی دیکەی جیهان . 
 
 
نووسین :عومەر فەخرەدین فەر