IMG 20181013 170329 289

 
 
هێما و دەسکەوتە بەنرخەکانی نەتەوەکەمان لە ڕابردوو ئێستاشدا چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان جێگای پێزانین و شانازییە، بۆ هەموو کوردێک کە خاوەنی مێژوویەکی زێڕین و پڕ دەسکەوتە و دەرەنجامی لە خۆبردوویی ڕێبەران و قارەمانانی گەلەکەمانن، کە بە جیهانی سەلماندووە هیچ کاتێک، هیچ دەسەڵاتێک و دوژمنێک نەیتوانیوە و ناتوانێ پێش لەو بیرە ڕزگاریخوازانە و دێموکراسیخوازانەی گەلەکەمان بگرێت، بە سەرکووت و چەوساندنەوە هەرگیز نەیانتوانیوە زمان و کلتووری چەند هەزار ساڵەی ئێمە لە نێو بەرن و نەتەوەکەمان هەرگیز ڕێگای بەم کارە نەداوە و نایدا.
 
یەکێک لەو دەسکەوتە گرینگانە کە باندۆرییەکی یەکجار زۆری هەبووە لە سەر رەوتی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان لە سەردەمی نوێی جوولانەوەی گەلی کورد کۆماری کوردستانە بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد و بە بەشداریی کۆمەڵێک روناکبییران لە رۆژهەڵاتی کوردستاندایە.
 
بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ژێکاف و دامەزراندنی حیزبی دێموکرات واتا یەکەم حیزبی مۆدێرن و خاوەن بەرنامە و پرۆگرامی گوونجاو لە کوردستان و خاوەن رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا بە باشترین شێوە بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی گەل هەوڵیداوە و رەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردی بەرەو قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتوو لە ئاستی جیهان برد.
 
خەڵکی شۆڕشگێری مەهاباد بە چەک کردنی شارەوانی شاری مەهاباد و ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکی مەهاباد لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە ئەم حیزبە توانی سوپای نەتەوەی پێکبێنێ و دواتر بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مەوجود لە ڕۆژی ۲ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ هەتاویی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد بە بەشداری نزیک بە ٢٠ هەزار کەس لە چین و توێژەکانی خەڵکی مەهاباد، ڕووناکبیران لە سەرانسەری کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب و ژنراڵ مستەفا بارزانی و پێشەوا کۆماری کوردستان بە سەرۆک کۆماری "قازی مەحەمەد" ڕابگەیێنێ و لەو ڕۆژەدا قازی محەممەد سوێندی یاسایی خوارد کە تا دواهەناسەی ژیانی وەفادار بە خەڵک و کۆمار بێت.
 
بەرەبەرە کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کرد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتر بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەموو توانایەوە بۆ بەرەو پێشبردنی بەرنامەکانی خۆی هەوڵیدە دا و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی گەلی ئازەری لە ئازەربایجان ، حیزبی هیوا لە کوردستانی باشوور و یەکیەتی سۆڤیەت لە پێوەندیدا بوو و توانیبووی پێوەندییەکی پتەو و قایم درووست بکا.
 
ئەو کۆمارە سەربەخۆیە لەگەڵ ئەوەی ئامانجی درووستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بوو بۆ کورد بە گشتی هەوڵێکیش بوو بۆ گۆرینی کۆمەڵێک نەریتی دواکەوتوو و دانانی بناغەیەکی کولتووری تەندرووست بۆ درووستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی.
کۆماری کوردستان نموونەیەکی بەرز لە دێموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو بوو، کە لە دڵی دەوڵەتە دیکتاتۆر و فاشیستەکان و کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار و دواکەوتوو سەریهەڵدا و سەرەرای ئەو تەمەنە کورتەی یەکێک لە دێموکراتترین و ئاشتیخوازترین حکوومەتی کاتی خۆی بوو.
 
چەند دەسکەوتی گرینگ لە خزمەتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان برییتی بوون لە:
 
١- دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان و ژنان کە لەو ڕێگەیە توانیان ژنان و لاوان بەشدار بکەن لە کاروباری نێو حکوومەت و کۆمەڵ و هەنگاوێک بۆ یەکسانی ژن و پیاو و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی کراوەتر هەڵگرن.
 
٢- زمانی کوردی دەکرێتە زمانی فەرمی، هەروەها داڕشتنی بەرنامەیەکی پتەو بۆ پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری کوردەواری.
 
٣-دانانی سروودی نەتەوەیی، ئاڵا، سوپای نەتەوەی کوردستان. 
 
٤-گرینگیدان بە خوێندەواری و خوێندن بە زمانی کوردی و پشتیوانی لە خوێندکاران بۆ بردنە سەرەوەی زانست و زانیاری کۆمەڵگا.
 
٥- دانانی چاپخانەی کوردی و چاپی کتێب ، گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی.
 
٦-هەڵبژاردنی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بۆ هێزی نەتەوەی کە ئەمڕۆ ئەو ناوە لە ئاستی جیهانی بە فەرمی ناسراوە و قارەمانێتی و ئازایەتی ئەم هێزە بۆ جیهان
سەلمێندراوە و بۆتە هۆی سەربەرزی گەلی کورد لە نێو جیهاندا.
 
بە دەیان خالی ئەرێنی دیکەش هەن کە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنیان کۆماری کوردستانە.
 
لە ئێستاشدا ڕۆلەکانی نەتەوەی کورد بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئارمانجەکانی کۆمار و دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسین شۆڕشگێرانە خەریکی خەبات کردن و نرخدان بۆ دەستەبەرکردنیانن.
 
نووسین:ئازاد گوڵستانی