IMG 20181001 213810 256

 
 
لاوان میدیا: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو مانەوەی خۆی و پاراستنی ئامانجە قێزەونەکان و کردەوە تیرۆریستییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، منداڵانی کەم تەمەنی ئەو وڵاتە چەکدار دەکات.
  
 
 
سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان لە سەرتاسەری ئێراندا بە هۆکاری جۆراوجۆر وەکوو توشبوون بە مادە هۆشبەرەکان، گرتن و لە سێدارەدان، منداڵانی کرێکار و ...هتد، دەبنە قوربانی. حکوومەتی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی لەم دەرفەتانە کەڵک وەردەگرێت تاکوو منداڵانی کەم تەمەن چەکدار بکات و لە پێناو سیاسەتە تێکدەرانەکان و ئامانجە تیرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچەکە بەتایبەت لە وڵاتی سووریە، بەکاریان بهێنێت.
 
 
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، کە لە ۲۹ی خەزەڵوەری ۲٦۸۹ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۲۰ی نۆڤامبری ۱۹۸۹ی زایینی، لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، و ۱۹۱ وڵات واژۆیان کردووە، لە بەندەکانی ۳۸ و ۳۹ ئەم جاڕنامەیەدا جەخت لە سەر گرنگی دان بە منداڵان کراوەتەوە و هەموو وڵاتانی ئەرکدار کردووە کە لە کاتی هەر جۆرە تێکهەڵچوونیکی نیزامیدا دەبێت منداڵان چاوەدێری بکرێن و بپارێزرێن، هەروەها چەکدار کردن و بەکار هێنانیان بە مەبەستی نیزامی بە نایاسایی زاینوە و بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە.
 
 
بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەم یاسایەشی وەکوو زۆربەی یاسا نێونەتەوەییەکانی‌تر پێشێل کردووە و بەجێ پێگەیاندن و بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە بووارە زانستییەکاندا کە سەرمایەی دواڕۆژی وڵاتن، چەکداریان دەکات و دەیانکاتە قەڵغانی مانەوە حکوومەتە دیکتاتۆریەکەی و پاراستنی بەرژەوەندییە نامرۆڤانەکانی خۆی لە ناوچەکە.