photo 2018 10 01 14 33 54

 
 
لە هەموو کۆمەڵگایەک دا چ پێشکەوتوو چ دواکەوتوو، چینی لاوان بە چینێکی ئەکتیڤ و چالاک و گۆڕانخواز دەناسرێت و هەن و بە چرای دواڕۆژی هەر گەلێک و کۆمەڵگایەک ناو دەبردرێت.
 
 
کۆمەڵگای ئێمەش وەکوو هەر کۆمەڵگایەکی دیکی جیهان لاوان بەشێکی گرینگی پێکهاتەی کۆمەڵگا پێک دێنن و ڕۆژانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە ڕێگا و مێتۆدی جیاواز کەڵک وەردەگرن، هەر بۆیە لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چینی لاوان بە چینێکی چاو کراوە و لە بڕان نەهاتوو دێتە هەژمار.
 
 
سەرەڕای ئەوەی چینی لاو لە کۆمەڵگای ئێران دا بە چینێکی ئەکتیڤ ناسراوە و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ویستەکانیان،بەڵام دەسەڵاتی سیاسی بە سەر کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و دژەمرۆڤە و نە تەنیا هیچ کات دانی بە گرینگی و ڕۆڵی لاوان لەو وڵاتەدا نەناوە، بەڵکوو هەموو چین و تووێژێکی ئەم کۆمەڵگایە لە ژێر بەزەیی و پاوانخوازیی کۆماری ئیسلامی ئیراندا وەزاڵە هاتوون و ڕۆژانە بە شێوەی جۆراجۆر دەچەوسێنرێنەوە و لە هەر شێوە مافێکی مرۆڤی و سەرەتایی خۆیان بێ بەشکراون.
 
 
بێ گۆمان لە وەها دۆخێک دا ئەرکی لاو وەکوو چینێکی زیندوو و خاوەن بیرۆکەی نوێ و هەبوونی پۆتانسێلێکی بە هێز لە ئەرکی چین و توێژی دیکەی کۆمەڵگا زیاترە و هەستکردن بە بەرپرسایەتی ئەم توێژە کاریگەرەی نێو کۆمەڵگا ناچار بە هەستانەوەیان دەکات،ئەم هەستانەوەیە بە شێوەی جۆراوجۆر و دوور لە توندوتیژی و لە چوارچێوەی ڕێکخراو و ناوەندی تایبەت بە لاواندا خۆیان دەبینێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا دەسەڵاتی خۆسەپێن بە سەر کۆمەڵگای کوردستان، بۆ بەلاڕێدا بردنی خەبات و چینی لاوان بە شێوەی ڕێکخراو و بە زاناییەوە هەوڵی بێ دەنگی و پەرتەوازە کردنیان دەدات و بە بەخشینی تۆمەتی بێ بنەما و درۆ و دەلەسەی وەکوو تێکدانی ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگا و بن پێکردنی مافی تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا و بە هێنانی یاسای ساختە و دوور لە پرەنسیپی دەسەڵاتداری، بە شێوەیەکی دڕندانە هەلسوکەوت لەگەڵ لاواندا دەکات و چالە ڕەشەکانیان بوونەتە شوێنێکی هەمیشەیی بۆ لاوانی ئازادیخوازی وڵات.
 
 
لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێچەوانەی لاوان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران کە جارێک وەکوو لاو و ئازادیخواز دەچەوسێنرێنەوە، بەڵکوو لاوی کورد بە جیاوازییەوە چەندین جار دەچەوسێنرێن و هەموو کات دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئێران بە گومانەوە دەڕوانێتە هەڵسوکەوت و داواکارییەکانی لاوی کورد،ئەم جیاوازییانەش بریتین لە: جیاوازی ئایینی و جیاوازی بیرکردنەوە هەروەها ویستە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی لاوی کورد کە هیچ کات لەگەڵ فەلسەفە و بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی خۆسەپێنی ئیراندا یەک ناگرێنەوە، هەر بۆیە وەکوو هەڕەشە بە سەر دەسەڵاتی خۆیان دەبینن و بۆ گەوجاندنی خەڵک و دژەسازی لە نێو نەتەوەیی بالادەست دا دەیان پێناسەی پێچەوانە بۆ ئەم ویستە ڕەوایانەی لاوی کورد دەهێننەوە و بەو هۆیەوە لاوانی کورد بە کەمترین داواکاری دەکەونە بەر غەزەبی ئەشکەنجە و گیان لە دەستدان و بە ناڕەوا بەشێک لە بەنرخترین تەمەنی ژیانیان لە چالەڕەشەکانی ئێراندا تێپەر دەکەن و ئێستاشی لەگەڵ بێ سەدان لاوی کورد بەهۆی جیا بیری و جیا ئایینی لەگەڵ کۆماری پەت و سێدارە لە زیندانەکانی ئێراندا قورسترین سزا بە سەریاندا سەپێنراوە و ڕۆژانە شاهیدی لە سێدارەدانی بە ناحەقی لاوانی کوردین لە زیندانەکانی ئێراندا.لاوانی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا جیا لە سەپاندنی دەیان سزای قورسی ناڕەوا، تووشی دەیان نەخۆشی و دەردی کوشندە دەبن.
 
 
لاوان چ وەکوو لاو و چ وەکوو مرۆڤ کە لە هەردوو لایەن دا بە پێی کۆنوانسیونەکانی مافی مڕۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان خاوەنی مافی بێ ئەم لا و ئەولای خۆیانن لە وەها دۆخێکدا پێویستە بە چاو کراوەی و چاونەترسانە و بە شێوەی خۆڕێکخستن لە هەموو شێوازەکانی خەبات کەڵک وەرگرن و بۆ گەیشتنی دەنگی ڕەوای خۆیان بە ناوەندە گرینگەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و تایبەت بە لاوان یەکگرتوانە و بە یەک دەنگی و هەبوونی ڕێکخراوی بەهێز بەرپەرچی هەڵسوکەوتە دژەمرۆڤەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەنەوە.
نوسین :ئەفشار گێچەیی