23169

۱٨ی بانەمەڕی ۹۷ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٨ی مەی ۲۰۱٨، لە کاتێکدا مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە مەبەستی ئامادەکاریی سەفەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کورەی باکوور، چوار رۆژ پێش لە هەڵبژادنەکانی چوارەمین خوولی پارلەمانی عێراق و چوار ڕۆژ بەر لە وادەی بەڵێنیدراو، لە ۱۲ی مەی، دانڵد ترامپ لە پێش چاوی کامێرای هەواڵنێران، هاتنەدەرەوەی یەکلایەنەی ئامریکای لە بەرجام ڕاگەیاند.

 

هەڵوێستێک کە لە لایەک لە درێژەی بەئەنجام گەیاندنی بەڵێنییەک بوو کە ناوبراو لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ۲۰۱٦ی سەرۆکایەتی ئامریکا بە خەڵکەکەی دابوو و لە لایەکی ترەوە وەک دژکردەوەیەک لە بەرامبەر مڵهوڕی و زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست شکاندنی بەڵێنییەکان و مراندنی ڕۆحی بەرجام هاتە ئەژمار.

ئەوی جێگەی سەرنجە و مەبەستی نووسینی ئەم چەند دێڕەیە، بۆچی ترامپ چوار ڕۆژ زووتر لە وادەی دیاریکراو هاتنەدەرەوەی ئامریکای لە بەرجام ڕاگەیاند؟

بەپێچەوانەی ڕوانینی ڕواڵەتی و گشتگیر لە سەر هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانی ترامپ، ناوبراو بە مەبەستی بەڕێکردنی سیگناڵ وەک ستراتیژی نوێی ئامریکا بۆ ئاستی نێونەتەوەیی بەگشتی و لە یەک کاتدا بۆ سێ وڵاتی کورەی باکوور و عێراق و ئێران بەتایبەتی، ئەم کاتەی دەستنیشان کرد. بە واتایەکی تر پێکانی چەند ئامانج بە یەک تیر، مەبەستی ترامپ بوو.

ئەوەندەی باندۆری ئەم هەڵوێستە پێوەندی بە کورەی باکوورەوە هەیە، دوای ئەوەی سەرۆکە گەنجەکەی ئەم وڵاتە بڕیاری لەنێوبردنی زەڕاتخانە ناوەکییەکانی دا، ترامپ مەبەستییەتی پێی بڵێت، لەگەڵ ئەوەی پێشوازی لە بڕیارەکەت دەکەم، دڵنیا بە گوتار و کردارم یەکن و هەوڵ نەدەی ئیرادەم بۆ ئەنجامی ئەوی دەیڵێم تاقی بکەیتەوە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کیم جونگ ژیرانە پەیامەکەی وەرگرتووە و پێدەچێت بۆ مانەوەی حکومەتەکەی بە کردەیی بکا.

کاریگەریی ئەو بەشە لە پەیامەکەی کە ڕووی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بوو بە ڕوونی دیارن. هاوپەیمانی سائێروون سەر بە ڕەوتی سەدر لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی کورسییەکانی مسۆگەر کرد، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی لەگەڵ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا ڕاگەیاند. لێدوانەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی تێکنوکرات بەدەر لە هاوپەیمانیی فەتح بە رێبەری هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە ڕێبەری نووری مالکی کە هەردووکیان ڕاستەوخۆ بە ئاشکرا دەستنیشانکراو و سەر بە کۆماری ئیسلامین، دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە عێراقییەکانیش بە باشی و ژیرانە سیگناڵەکەیان وەرگرتووە و لە ڕاستای دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێن.

بەردەنگی سێهەم و تایبەتیی ترامپ، کۆماری ئیسلامی بوو. بڕیاری ترامپ وەک شۆکێک جەستەی زاڵمانەی ڕێژیمی هەڵتەکاند. سەرڵێشێواوی و پەشۆکاوی کاربەدەستانی ڕێژیم، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبینرێ. هاتنەئارای ۱۲ خاڵ وەک پێشمەرجی گەڕانەوی ڕێژیم بۆ میزی وتووێژ کە ۲۱ی مەی، لە لایەن مایک پۆمپێئۆ وەک ستراتیژی نوێی ئامریکا ڕاگەیاندرا، هەڵبژادنی بژاردەکانی بۆ کاربەدەستانی ڕێژیم ئەستەم و بەرتەسکتر کردۆتەوە.

ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ واز لە دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە هەڵبگرێ؟

بە پاشەکشەکردن لەو سیاسەتەی کە لە ژێر پۆششی بەرجام وەک ڕێککەوتنێکی کاتی هەلی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕەخسا، کە لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی وێرانکەری ئێران و عێراق پێی نەگەیشت، تا چەندە دەتوانێ قورسایی تێچووی زیاتری ئەم سیاسەتە هەڵبگرێ؟

تا چەندە دەتوانێ واز لە تێرۆر و پاڵپشتی لە تێرۆریسم وەک هاوڕێی گیانی بە گیانی خۆی بێنێت؟

مێژوو نیشانی داوە و داهاتووش دەیسەلمێنێ کە بڕیاری ژیرانە بۆ خزمەت بە خەڵک و وڵات لە لایەن ڕێژیمی ئیدئۆلۆژیک، دژەگەلی و نابەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی دوور لە چاوەڕوانییە و تەنیا پاراستنی دەسەڵاتە نگریسەکەی کاکڵەی داڕشتن و پەیڕەوکردنی سیاسەتی گوتاری و کرداری ڕێژیمە.

 

خالید دەرویژە