هەواڵی سیاسی

supaipasdaran

 
مانۆڕ نە تەنیا واتا و پێناسەی جیاوازی هەیە و بۆ دەکرێ، بەڵکوو شکڵ و شێوازی جۆراوجۆریشی هەیە و بە پێی هەرکام لەو شکڵ و شێوازانەش ئامانجێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە کە بە پێی ڕێکەوت و شوێنی ئەنجام دانی مانۆڕ تا ئاستێک ئامانجەکانیان ڕوون و ئاشکران. ئەوەی کە لە مێشک و هزری تاکی هەڵکەوتوو لە ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا جێی گرتووە، مانۆڕ تەنیا لە چوارچێوەی نیشاندانی هێزی سەربازیدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام مانۆڕ بە چەند شکڵ و شێوە و پێناسەی جیاوازدا دابەش دەبێ کە هەر کامیان ئامانجێکی تایبەتی هەیە.
-مانۆڕی سەربازی تەک لایەن
-مانۆڕی سەربازی هاوبەش
-مانۆڕی سیاسی،مەدەنی
-مانۆڕی ئابووری و ......هتد
مانۆڕی سەربازی بە واتایی نیشاندانی هێزی سەربازی و توانایی ئەم هێزە بۆ دۆژمنانی وڵاتێک یان هێزێکی چەکدارە، بە تایبەتی ئەگەر ئەم وڵاتە یان ئەم هێزە چەکدارە هەست بە هێرشی بەرامبەر بکات و بە ناڕاستەوخۆ پەیامێک دەداتە هێزی دوژمن، کەواتە مەبەستی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی پەیامێکە بۆ دەرەوە نەک بۆ ناوخۆ. بە واتایەکی دیکە دەکرێ مانۆڕی سەربازی بە هاوبەشی لە نێوان هێزی سەربازی دوو وڵات دا بەرێوە بچێ، مەبەستی ئەم جۆرە مانۆڕانە دوو لایەنی هەیە: لایەنی یەکم شارەزابوونی یەکێک لەو هێزانە لە جۆگرافیا و تاکتیکی هێزی هاوبەش و وەرگرتنی ئەزموونی نوێیە. لایەنی دووەم، ئەم شێوە مانۆڕانە نیشانەی پتەوبوونی بواری سیاسی و ئابووری ئەم دوو وڵاتە و پەیامێکی هاوبەشە بۆ دوژمنی هاوبەشیان.
 
 
جۆری سێیەمی مانۆڕی سەربازی کە تایبەتمەندە بە وڵاتانی دیکتاتۆر و دەسەڵاتی خۆسەپێن، کە بە مەبەستی ترس و خۆف و چاوترساندنی ناڕەزایەتییە ناوخۆیەکانە. چونکە بەڕێوە بردن و بەڕێوە چوونی مانۆڕی سەربازی لە هەر وڵاتێک دا جیا لە یاسا و ڕێسای نێوخۆیی دەبێ پابەند بوون بە یاسا و ڕێسا جیهانیەکانیش لە بەر چاو بگیرێ، هەر بۆیە وڵاتانی دیکتاتۆر هەموو کات لە بیر و هزری ناوخۆیدا پڕوپاگەندەیی ئەوە دەکات کە وڵات تووشی هەڕەشەی دەرەکی بووە و دەوڵەت دەبێ ڕێگاچارەی پێویست بگرێتە بەر و هەموو کات وانیشان دەدات کە پیلانی دوژمنان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامشی وڵات پووچەڵکرایەوە، ئەمەش ڕێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی حکومەت لە هەر شوێنێکی وڵات هەست بە ترس و نارەزایەتی بکات بە بیانوی هەڕەشەی دەرەکی هێزی سەربازی بڵاوە پێ بکات و ناڕەزایەتیەکان سەرکووپ بکات. ئێران یەکێک لە وڵاتانەیە کە لە مێژووی چل ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی دا زۆرترین مانۆڕی بەو شێوەیە بەڕێوە بردووە ، هەرچەندە هەموو کات دەسەڵاتدارانی ئێران و بەڕێوەبەرانی ئەم جۆرە مانۆڕانە بۆ بە هێزکردنی هێزی سەربازی و شارەزابوونی ئەم هێزانە لە جۆگرافیا و ئامرازی نوێی سەربازی ڕادەگەیەنن، بەڵام ڕێکەوت و جۆگرافیایی بەڕێوە بردنی ئەم مانۆڕانە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە مەبەستی بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە مانۆڕانە تەنیا بۆ ترساندن و هەڕەشەکردن لە خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران ڕێک دەخات. 
 
 
کۆماری ئیسلامی چەندین جار ئەم مانۆڕانەی لە ناوچە جۆراجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بردووە، بەتایبەتی لە دوای دەستپێکردنی سەر لە نوێ خەباتی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە خۆی لە چوارچێوەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا پێناسە دەکات، بێ گۆمان زۆرێک لەو مانۆڕە سەربازییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاریگەریی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەردەخات و ترسێکی گەورەی خستوەتە نێو دڵی دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکانی ئێران و خەو و خەیاڵیان بووتە زەهری ڕۆژانەیان، هەر بۆیە بە ئەنجامدانی مانۆڕی تۆقێنەر دەیانهەوێ خەڵکی پێشمەرگە پەروەر و ئازادیخواز و تەژی لەو دەسەڵاتە چاو ترسێن بکەن.
 
 
-مانۆری سیاسی مەدەنی
مانۆڕی سیاسی زۆرتر تایبەتمەندە بە وڵاتانی فرە حیزبی کە تێدا دەرفەتی چالاکی سیاسی زۆر زیادە و حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بە ئایدیا و بیرکردنەوەی جیاوازەوە ئازادی چالاکی و سیاسەتکردنیان هەیە، هەر بۆیە هەر جارە و بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە مێتۆدی کاریگەردانان لە سەر بیرو هزری تاکی دەنگدەر کە لە پرۆسە سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیان لێ بکەن و ببنە فاکتەرێک بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی تا باشتر خزمەتی هاووڵاتیانی خۆیان بکەن.
 
 
بە پێچەوانەی مانۆڕی سەربازی لە وڵاتانی دیکتاتۆر لێدراو دا، بە هۆی پشتگوێ خستنی ویست و داخوازەکانی چین و توێژی جۆراجۆری کۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتەوە و بێ ئاکام مانەوە و بێ هیوابوون لە پێشکەوتن و خزمەتکردن بە هاووڵاتی لە لایەن دەسەڵاتەوە،خەڵکی ئازادیخواز و وەزاڵە هاتوو بە ناچار حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی تایبەت بە ماف و خواستەکانی خۆیان بە شێوەی نهێنی و نیوە ئاشکرا پێکدێنن، جا ئەم حیزب و ڕێکخراوانە بە مەبەستی وەرگرتنی مافی نەتەوەیی بن یان تایبەت بن بە توێژێکی تایبەتی نێو کۆمەڵگابن، بۆ نیشاندانی هێز و کاریگەری خۆیان لەسەر بیروڕای کۆمەڵگا و کاریگەر بوون لە سەر دەسەڵات و پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتدا بە شێوازی جۆراوجۆر مانۆڕی سیاسی بە شێوەیەکی مەدنییانە ڕێک دەخەن و بوونی خۆیان دەسەلمێنن .
 
 
جیاوازی ئەم مانۆڕانە لەوەدایە کە دەسەڵات بۆ چاوترساندن و تۆقاندنی خەڵک و بە هەزینەیەکی زۆری مادی و زەرەر گەیاندن بە ڕوحیات و ژینگەی جۆگرافیای ناوچەیەک کە بە مەبەست دەکرێ ئەم مانۆڕانە بەڕێوە دەبات، بەڵام حیزب و ڕێکخراوی خەڵکی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن، پشت بە ئاپۆرای خەڵک و بە هەزینەیەکی کەمی مادی و بەبێ هیچ زەرەر گەیاندنێکی ژینگەیی بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە چوارچێوەیەکی مانۆڕیدا چالاکی بە دژی سیاسەتی تۆقاندن و برسی کردنی خەڵک چالاکی دەکەن. نموونەی هەرە بەرچاو و کاریگەری ئەم شێوازە چالاکی و مانۆرانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، مانگرتنی سەرتاسەری ناوچە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ۲۱ی خەرمانان دا کە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بوو و مانۆڕی دووەمیش لە۱٦/۷/۱۳۹۷دا بوو کە بۆ ناڕەزایەتی لە هەمبەر گرانبوونی کەلوپەڵی پێویستی ژیان و لە بنەڕەتدا نەخێرێکی بە هێزیش بوو بە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوون، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە مانگرتنی۱٦ی ۷ هاوکات بوو لەگەڵ مانۆڕی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمەش جارێکی دیکە نیشان دەدات کە ترس و خۆفی ڕێژیم لە خەڵکی کورد زۆرترە تا لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، چونکە هاوکات لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی شارەکانی ئێران دا مانگرتن هەبوو، کەوایە مانۆڕی خەڵک کاریگەری زۆرترە لە مانۆڕی ترس و تۆقاندنی دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن.
 
 
 
نووسین: ئەفشار گێچەیی

photo 2018 10 11 23 14 35

 
 
بەردەوام لە وڵاتی ئێراندا بابەتگەلێکی گرینگ دێنە بەرباس کە بە پێچەوانەی لێدوان و هەڵوێستی کاربەدەستان لەسەرەتای بابەتەکان و لە کۆتاییدا بڕیار و هەڵوێستیان دەگۆردرێ و هەردەم شانازی بەو هەڵگەڕانەوەیە دەکەن و بە زیرەکی و تاکتیک ناوی دەبن. یەکێک لەو بابەتانە کە دەسەڵات بە ڕواڵەت دژایەتی دەکات بەڵام بەکردەوە ملکەجی بووە، دانوستان لە گەڵ ئەمریکایە بە پێی ئەو خاڵانەی کە ئەمریکا دیاریکردووە.
 
پێشتر کەسانی شارەزا لە بواری سیاسەتی ئێران باسیان لەوە کردووە کە ئێران لە کۆتاییدا خۆی بەدەستەوە دەدات و ملڕاکێشێ خواستەکانی ئامریکا دەبێت. هەر بە پێی ئەو شتەی چاوەڕوان دەکرا، دەولەتیش بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە ڕێگا خۆش بکات و پەیامەکەی خۆی بە گوێی ئەمریکادا بچرپێنێت.
 
سەرەڕای ئەوەی کە قەڵەم بە دەستانی حکوومەت قسەکانی روحانییان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زیرەکانە و بە نیشاندەری هەیبەتی ئێران دەزانن، بەڵام هەر لە قسەکانی روحانیدا سەردانەواندنێکی ئاشکرای پێوە دیار بوو کە بەردەوام لە ڕستەکانیدا لە وشەی دانوستان کەڵکی وەردەگرت و باسی شێوازی دانوستانی دەکرد و بە خوازراو یا نەخوازراو پشتی پەردەی نیشان دەدا.
 
ئەو قسانەی کە ڕژیم بۆ خەڵکی ئێرانی دەکات لەگەڵ ئەو قسانەی کە لە دەرەوەی ئیران دەکرێ جیاوازییەکی زۆریان پێوە دیارە، خامنەیی باس لەوە دەکات کە بە هێچ شێوەیەک دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکرێ بەڵام لە ترسی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی ڕێگای بە سەرۆککۆمار داوە کە گۆڕەپانەکە خۆش بکات بۆ دانوستان و ملڕاکێشان، هەروەک لە ڕابردووشدا بۆ مانەوەیان تامی جامی ژەهراوییان کردووە.
 
یەکێکی‌تر لەو بابەتانە کە لەم دواییانەدا نیشاندەری سەردانەواندنی زیاتری ڕژیمی ئێران لە بەرانبەر ئەمریکادایە، بابەتی پەیوەست بوون بە کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی بەرەنگاری ماڵیی ترۆریزمە (CFT) کە لە ڕووی ناچارییەوە بوو، تا ناوی ئەم وڵاتە لە ڕێزی ئەو وڵاتانەی کە ناویان لە لیستی ڕەشی FATFدایە بێتە دەرەوە، ئەمە لە حالێکدا بوو کە خامنەیی پێشتر وتبووی ئێمە پەیوەست نابین بەو کۆنواسیۆنە.
 
مەحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، لەو قسانەی کە لە پارلمانی ئەو وڵاتە کردی، ڕاشکاوانە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر خاڵەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکرێت زۆر بە زیانیان تەواو دەبێ.
زەریف سەبارەت بەو باسە دەڵێت: "نە من نە سەرۆککۆمار ناتوانین بەڵێنی ئەوە بدەین کە بە پەیوەست بوون بە CFT کێشەکانمان چارەسەر دەکات، بەڵام دەتوانین دڵنیاتان بکەینەوە کە پەیوەست نەبوون بەو کۆنوانسیۆنەوە کێشەکانمان زۆر دەکات و بەهانە دەکەوێتە دەستی ئەمریکا".
 
دە رۆژ بەر لە تەواو بوونی کاتی دیاریکراو بۆ پەیوەست بوونی ئێران بە کۆنوانسیۆنەکەوە، ئێران لە کۆتاییدا پەیماننامەکەی پەسەند کرد و ئێستا لە لیستی ڕەشەوە دەربازی لیستی خۆڵەمێشی بووە. دەسەڵاتدارانی ئێران کە پێشتر باسیان لە بەرەنگاری لەگەڵ ئەمریکادا دەکرد و درۆشمی مەرگ بۆ ئامریکایان دەوتەوە، ئێستا خەریکن ئەو خاڵانە کە بەهانە دەداتە دەستی ئەمریکا چارەسەر دەکەن و کەم کەم ملراکێشی خواستەکانی ئەمریکا و خواردنی گۆزەیەک ژەهری تاڵتر لە جامی پێشوو دەبن.
 
بەڵام زانا سیاسییەکان زۆربەیان هاوڕان لە سەر ئەوەی کە پەسەندکردنی ئەو خاڵانەی کە ئەمریکا دیاری کردووە، وەکوو مەرجەکانی دانوستان بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئێران بە کردەوە ناکرێ، چۆنکە لە ئەگەری پەسەند کردنی ئەم مەرجانە لە لایەن ئێرانەوە شتێک بە ناوی ڕژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران نامێنێت، ئەم خاڵانەی دیاری کراوان لەگەڵ ئامانجە بنەڕەتییەکانی شۆڕش بە تایبەتی هەناردەکردنی شۆرش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دژایەتییان هەیە کە ڕژیم بە سەرەکیترین ئامانجی خۆی دەزانێت.
 
بە دیتنی ئەم هەوڵانەی ئێران و ئەو گوشارانەی ئەمریکا وا دەردەکەوێ کە کاربەدەستانی ئێران بە دوای رێگایەکی سێهەمدا دەگەڕن بۆ چارەسەری کیشەکانیان.
 
 
عومەر فەخرەدین‌فەر

IMG 20181009 192927 797

 
ئازادی ویستێکی دەروونیی مرۆڤە کە تاکەکەس وێرای وەگەڕ خستنی ئەوپەڕی وزە و توانا زۆر جاریش حازرە گیانی خۆی، کە پڕ بەهاترین سامانە، وەک نرخی گەیشتن بەم ئاسوودەیی دەروونییە کە بەو ناوەوە ناودێر کراوە خۆبەخشانە پێشکەش بکات.
 
 
بەڵام ئەم ویستە پاش دەستەبەربوونی سەرەتایی ترین پێداویستییەکانی ژیانی مرۆیی کە بە مافی سروشتی ناسراون و لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، وەکوو کۆمەڵێک مافی بێ ئەملاوئەولای هەر تاکەکەسێک، سەرە ڕای هەر چەشنە تایبەتمەندییەکی نەتەوەیی، ئایینی، نژادی، رەگەزی و...دانیان پێ دانراوە وجەخت لە سەر پێویستیی دابین بوونیان کراوە، ئەم پێداویستییە سەرەتاییانەی ژیان بە پێداویستییە جەستەییەکان ناودێر دەکرێن کە بریتین لە: خۆراک – جلوبەرگ – شوێنی نیشتەجێ بوون.
 
 
بە درێژایی مێژوو ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تووتالیتەرانە کە خوازیاری ئەوە نەبوون خەڵکەکەیان بیر لە ئازادی بکەنەوە بەردەوام هەولی ئەوەیان داوە کە دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ خەڵک دژواربێ ویان لە ئاستێک دابێ کە کۆمەڵگا ژیانێکی ئاسوودەی نەبێ و بە گشتی سەرقاڵی دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاسودەبێت و نەتوانێ بیر لە ئازادی وئاسودەیی دەروونی بکاتەوە. باشترین بەڵگە بۆ سەڵماندنی ئەم پرسە مێژووە. 
 
 
سەدویەک سال لەمەو بەر بارودۆخی ئیران بە شێوەیەک بوو کە رۆژانە بە سەدان کەس لەبرسێتی دەمردن بە هۆی ئەوەیکە نانێک بۆ خواردن دەست نەدەکەوت و ئەگەریش هەبا نرخی بە رادەیەک گران بوو کە کەمتر کەسێک توانای کڕینی هەبوو ، سەرمایەدارەکان و خاوەن کۆگاکانی دەغل ودان حکوومەتی وکەرتی تایبەت بۆ قازانجی زیاتر دەغڵ ودانیان پاشەکەوت دەکرد و نەیان دەفرۆشت ، لە باتی حکوومەت لە بیری چارەسەرێک بێ بۆ خەڵکی هەژار و لێقەڵماو کۆمیتە خێر خوازییەکانی ئامریکا و چەند ولاتێکی دیکە کە زیاتر کەسانێکی قەشە بوون فریای برسییەلان دەکەوتن و نامسولمانێک مسولمانیکی یارمەتی دەدا ، بێ دەسەلاتی پاشا وحکوومەت بە رادەیەک بوو کە ئێران ببوو مەیدانی شەری حرووس وعوسمانی هەرچی هاتباش دەستی لە ماڵ وحالی خەڵک نەدەپاراست، بە دوو سال نزیک بە ٤٠٪ خەڵکی ئیران (زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس) لە برسان مرد. لەم وێرانی وبرسێتی و مردنەدا پشکی شێر بەر کوردی هەمیشە غەدر لێکراو کەوت کە ئێستاشی لە گەڵ بێ ئەم وێرانی و برسێتی و مردنە هەر بەشی کوردە لە ولاتی ئێران بە و جیاوازییە کە فۆرمەکانی گۆردراون.
 
 
ئەم بارودۆخە ناجێگیرە ونەبوونی وگرانی وبرسێتییەی وڵاتی ئێران زۆر لێکچوونی لە گەڵ ئەو بارودۆخەی سەدویەک ساڵ لەمەوبەری هەیە کە نیشاندەری ئەوەیە یەک سەدەیە وڵات لە دەستی ناشارەزایان و دەسەلاتدارانی بیر تەسک ومێشک بەتالدا بووە بۆیە دوای تێپەرینی سەد سال لە ئەو کارەساتە وڵات خەریکە تووشی هەمان دۆخ و چارەنووسە دەبێت. 
 
 
سەردەمانێک رۆژهەڵات ببو بە گۆرەپانی شەری ئێران لە گەڵ عوسمانی و عوسمانی لەگەڵ رووس و لەم شەرانەدا بە هەزاران لاوی کورد و ئێرانییان بە کوشت و ناوچەکەیان بە وێران کردن و بازارەکانیان بە سووتاندن و تاڵان کردن دەدا( سووتان و تاڵان کردنی شار و بازار و دەغل و دانی ورمێ، خۆی، ماکۆ لە لایەن رووس و عوسمانی)لە ئێستاشدا لاوانی وڵات بە نێوی دین و تەماعی پارە دەنێرن بۆ ئەوەی لە عێراق و سوریە بە بێ هیچ ئامانجێکی دیاریکراو تێدا بچن، رۆژگارێک کە ئێران گەورەترین نەهامەتی سەدوپەنجا سالی رابردووی لە بەر دەستێوەردانی ئینگلیس و رووس لە وڵاتەکەی بە سەرهات،کە چی ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە خەریکن دەستوەردان لە خاک و وڵاتی دیکەدا دەکەن و بوونە برادەری خاوەنە راستەقینەکانیان و کلک راوەشێنیانن، ئاگادار نین کە سەدەیەک لەم سیاسەتکردنانە تێپەریوە و دەبێ وەکوو ئەم جیهانە نوێیە بیر بکەنەەوە ، نەگونجانی بۆتە هۆی ئەوەی گەمارۆی بخرێتە سەر و دۆخی ژیانی خەڵک خراپتر بێ و بەرەو دۆخی کارەسات باری سەدەیەک لەوە پێش بچینەوە.
 
 
بیر و زەینی خەڵکێک کە وڵاتەکەیان بە یەکێک لە پڕ سامانترین وڵاتەکانی دنیا هەژمار دەکرێت و مێژوو وکلتوورێکی کۆنی هەیە دابین کردنی نان و خۆراک و شوێنێک بۆ ژیانە، کە بە ئەستەم ئەمانەشیان بۆ دابین دەکرێ و هەردەم ترسی ئەوەیان هەیە پێداویستییەکانی ژیانیان دەست نەکەوێ و نەبوونی زاڵ بێ . 
 
 
لە سالی ١٢٩٧ حکوومەت و کەرتی تایبەت بۆ گران بوونی زۆرتر وقازانجی زیاتر دەغل ودانیان رەوانەی بازار نەدەکرد لە ئێستاشدا کە سپای پاسداران هەموو گەورە کۆمپانیاکان وبەشە ئابوورییەکانی حکوومەتی داگێر کردووە بەم شێوەیە هەڵسووکەوت دەکەن و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک لە کۆگاکان پاشەکەوت دەکەن و رەوانەی بازاریان ناکەن بۆ قازانج کردنێکی زیاتر ئەمە لە حالێکدایە کە خەڵکی چارەرەشی ئێران رۆژ بە رۆژ بێ کارتر دەبن و بێ کاریش بێ پوولی لێ دەکەوێتەوە کە برسێتی و بگرە مردنیشی لەدوا دێ.
 
 
ڕۆژهەڵات لە دوا هەناسەکانی دەسەڵاتی قاجارییەکان بە هۆی نەبوونی رێگاوبان بۆ هاتووچۆ و
نەگەیاندنی خۆراک و بە هۆی شەری وڵاتان لە خاکی رۆژهەلات و دزین وکوشتن ووشکەسالی ونەخۆشی هەر لە قەسری شیرین هەتا ماکۆ تووشی برسێتی و مردن و ئاوارە بوون هاتن زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی شار وگووندەکان لە برسان مردن(لە شارێکی وەکوو مهاباد بە گووندەکانەوە ٣٠.٠٠٠ کەس لە سالی ١٩١٧ دا لە برسێتیدا بوون و داواکاری هاوکاریان کردبوو بەلام هاوکارییان نەکرا چارەنووسی زۆربەیان دیارە چی بووە). 
 
 
ئەمە دۆخی خەڵک بوو لە کاتی قڕاندا، بەڵام بە دوای ئەم رووداوانەدا هیچ خزمەت کردنێکی شایانی باس نەکراوە تا وەکوو قەرەبوو کردنەوەیەک بۆ ئەم هەموو کوشتن و مردنە بێت ، ئێستاش دوای سەدەیەک تێپەڕ بوونی زەمەن و پێشکەوتنی زۆربەی شارەکان، رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەراوێز دەخرێ و کەمترین ئاستی خزمەتی پێ دەکرێ گەورەشاری وەکوو کرماشان بۆ ئەوەی خزمەتی پێ نەکەن لە پلەی گەورەشار بوونی دەخەن، رێگاو بانی کوردستان ئێستاش نەشیاون و رۆژانە دەبنە هۆی مردنی سەدان کەس، کەمترین هەلی کار دەرەخسێنن لە کوردستان بۆ ئەوەی خەڵک هەژار و برسی بمێننەوە و ناچاربن پشت بە پارەی دەستی حکوومەت ببەستن و وەکوو بووکەڵەیەک هەڵیانسوورێنن هەمووی ئەم کردەوە پلاندارێژراوانە کە حکوومەت بەرامبەر بە کورد دەیکات زیانێکی زۆری لە ئابووری و دەروونی خەڵک داوە لە دوای زەختی گەمارۆکان و زیادبوونی ئەم کێشەیەش بە سەدان کێشەی دیکە، بۆتە هۆکاریک کە رۆژهەڵات بەڕ لە شوێنەکانی دیکەی ئێران تووشی قڕان و برسێتی بێت . 
 
 
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بۆ سەڵماندنی ئەم بابەتە رێژەی بێکاریە لە کرماشان و ئیلام کە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران زیاترە دوای ئەوانیش پارێزگاکانی دیکەی کوردستانن، بێ کاری بەرامبەرە لە گەڵ بێ پووڵی و لەم بارودۆخەی ئێراندا کە رۆژانە و کاتژمێر بە کاتژمێر نرخی هەموو کەلووپەلێک زیاد دەکات واتاکەی دەبێتە برسێتی و مردن هەر وەک لە سەرەتادا باسمان کرد مردن بە فۆرم و شێوەی جیاواز، کەسێک کە توانای دابین کردنی بژێوی ژیانی نییە و کۆتایی بە ژیانی دێنێ، خوێندکارێک کە لە بەر نەداری توانای خوێندنی نییە و مردن دەکاتە چارەنووسی، بە هەزاران کەس کە بە چەندین مانگ تەحەموولی نەخۆشی دەکەن تا بتوانن تێچووی دکتوور و دەرمان دابین بکەن و سەدان کەسیان ناگەنە چارەسەری و تێدا دەچن، بە دەیان مەوادی خۆراکی کە بۆ لەشی مرۆڤ پێویستە و دەبێ لە بەرنامەی خۆراک دا هەبن لە سەر سفرەکان نەماون بە هۆی دەست نەکەوتن یان گرانبوونی لە رادە بەدەریان ئەمەش لە درێژماوەدا دەبێتە هۆی نەخۆشی ، ریژەی زیاد بوونی سوالکەرەکان، کارتۆن خەوەکان و قەبڕ خەوەکان و زۆر حالەتی دیکەی نەداری ومردن کە نووسینیان بە دەیان لاپەرەی پێویستە نیشانە سەرەکییەکانی گەیشتن بە دوا بڕگەیە کە ئەویش قڕانە.
 
 
لە پاش هێنانە بەر باسی ئەم لێکچوونەی ئێستا و رابڕدووی وڵاتی ئێران بە یەک دەرەنجامی کۆتایی دەگەین، لە پشتی سەرجەم کێشەکان و هەڵەکان دەستی دەسەڵاتدارانی بێ بیر و ناسیاسی و ڕیش درێژە عەبا رەشەکانی تێدایە، بەڵام خەڵکی بێ تاوان دەبێ سزای بێ مێشکی دەسەڵاتداران بکێشن، هەر لە ئەنجامی هەڵەکانی ئەوانیشە کە خەریکە وەکوو سەدەیەک لەمەوبەر تووشی قڕان و برسێتی و مردن دەبین، جیاوازی نێوان ئێستا و رابردوو لەوەدایە کە بە رووخانی ئەم رژیمە کۆی کێشەکانی خەڵک چارەسەر دەبێت و ئەو دابڕانەی دەسەڵاتداران لە بەینی جیهان و ئێراندا پێکیانهێناوە کۆتایی پێ دێت.
 
 
عومەر فەخرەدین فەر

IMG 20181008 211317 172

 
 
لاوان میدیا: پاش مانگرتنە بە شکۆکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە ڕێکەوتی ۲۱ی خەرمانان سەرجەم شارەکانی کوردستان مانیانگرت، بەهۆی نەبوونی پێداویستیە سەرەتایەکان و گرانبوونی خۆراک دووبارە خەڵکی کوردستان مانییان گرتەوە.
 
 
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ‌‌‌۱٦ی ڕەزبەر بۆ جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان مانگرتنان بەڕێوە برد، کە سەرجەم دوکان و بازاڕەکانی شارەکانی کوردستان داخران.
 
 
 لە شاری بانە بەهۆی گرانییەوە خەڵکی ئەو شارە پاساژەکانی ئازادی، ئەربابا، گوڵستان و خیامیان داخستووە
 
 
لە شاری سنەش دوکاندارانی شەقامی سیروس، بە داخستنی دوکان و بازاڕ ناڕەزایەتی خۆیان بۆ گرانی و نەبوونی پێداویستی دەربڕیووە.
 
 
هەروەها لەشاری سەقزیش دوکاندارانی ئەو شارە دوکان و بازاڕیان داخستووە بۆ پشتیوانی کردنی مانگرتنەکانی شارەکانی دیکەی کوردستان
 
 
هاوکات لە شارەکانی پیرانشار و مەریوانیش، خەڵکی بۆ پشتگریی کردنی مانگرتنی شارەکانی کوردستان دوکان و بازاڕیان داخستووە.
 

IMG 20181005 133041 865

 
لاوان میدیا : نادیە موراد کچە کوردی ئێزیدی و ڕزگار بووی دەستی داعش خەڵات نۆبڵی بۆ ئاشتی بەدەست هێنا.
 
 
کچێکی کوردی خەڵکی شەنگال، بەناوی "نادیە موراد" بەهاوبەشی لەگەڵ "دێنیس موکوێگ" پێکەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ۲۰۱٨ی زایینیان بەدەست هێنا.
 
 
کاتێک لە ساڵی ۲۰۱٤ی زایینی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش پەلاماری شاری شەنگالیان دا و داگیریان کرد، نادیە موراد یەکێک بوو لە و هەزاران کچانەی کە لەلەیەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە بەدیل گیران و لە شارەکانی ژێر دەستی داعش وەک کۆیلەی سێکسی دەکڕان و دەفرۆشران، نادیە موراد دوای ماوەیەک توانی خۆی لە دەستی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە ڕزگار بکات، دوای ڕزگار بوونی توانی ببێت بە دەنگی ئەو کچە بێتاوانانەی کە لەژێر دەستی داعش دا تووشی ئەشکەنجە و چەندین کاری قێزەونی دیکە بوونەتەوە.
 
 
نادیە بەهۆی کارکردنی لەسەر پڕۆژەیەک لەژێر ناوی " کۆتای هێنان بە توندوتیژی جنسی، وەکو چەکێکی شەڕ" توانی بەهاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەست بهێنێت.
 
 
جێی ئاماژەیە کە نادیە موراد یەکەمین کچە کورد و دووەم گەنجترین کەسە کە توانیوییەتی ئەم خەڵاتە وەربگرێت.