ters rejiiiiim

هانا ئارێنت، تیۆریسیەنی بەناوبانگی دنیای سیاسەت لە کتێبی "مەکۆی تۆتالیتاریزم" دا بە جیاوازیدانان لە نێوان توندوتیژی و دەسەڵات، کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی وەک هێمای لاوازی و بێ دەسەڵاتی پێناسە دەکات و دەڵێ: "دەوڵەتەکان کاتێک کەڵک لە توندوتیژی وەردەگرن کە وەک پێویستییەک لێی بڕوانن؛ پێویستییەک کە ئەو کاتە خۆی دەردەخات، سیاسەت بووبێتە پرسێکی بێ مانا و لە نێوەڕۆکدا بەتاڵ. بەردەوام بوونی ئەم ڕەوتەش بە تێپەڕینی کات لە ناخی دەوڵەتدا نەهادینە دەبێت و قەڵەمڕەو و پانتایی سیاسەت چییەتی و نێوەڕۆکی سیاسی خۆی لە دەس دەدات، چونکە سیاسەت لە پانتاییەکی گشتیدا بیچم دەگرێت و پانتایی گشتیش بەستراوەتەوە بە پێوەندییە دوولایەنەکانی هاووڵاتیان؛ مەرجی پێوەندییەکی دوولایەنە و یەکسان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەش بریتییە لە بوونی ئەمنیەتێکی بەری لە توندوتیژی".

 

ئەگەر لەم سۆنگەوە بڕوانینە ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران و شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک و ئازادیخوازانی نێو ئەو جوغرافیایەی کە بە ئێران ناسراوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەرەڕای سەرف کردنی تێچووی زۆر و زەوەندی دەیان میلیاردی، لە ماوەی نیزیک بە چوار دەیەی ڕابردوودا بەمەستی بارهێنانی خەڵکێکی گوێ لەمستی ئاڵقە لەگوێ، ڕێژیمی تاران نەتەنیا نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی بپێکێ بەڵکوو وەک ئارێنت دەڵێ "سیاسەت لەودا بووەتە پرسێکی نێوبەتاڵ و بێ نێوەڕۆکی بێ مانا"، هەربۆیە توندوتیژی و کەڵک وەرگرتن لێی دەکاتە مێتۆد و شێوازی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئاریشە جۆربەجۆرە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی و فەرهەنگییەکان؛ یان بەواتایەکی تر یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕەچاوکردنی مێتۆدی توندوتیژخوازی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرامبەر بە چالاکانی سیاسی و مافویستانی سەر بە نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکان لە ئێران نەک لەڕووی بەهێزی و دەسەڵاتەوە بەڵکوو لە ئەنجامی لاوازی و بێ دەسەڵاتی ئەوانە.

بە دیوێکی تریدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کاتێک هەموو قوژبنەکانی دەسەڵات لە ئێراندا بەم شێوازە (توندوتیژی)هەڵسوکەوت دەکەن واتە توندئاژۆیی بە هەموو دەمار و شادەمارەکانی دەسەڵاتدا شۆڕ ببێتەوە، ترسێکی ترسێنەر سەراپای بوون و ژیانیانی تەنیوەتەوە کە ناچار بە ئەنجامدانی کردەوەگەلی شەڕئەنگێزانە و توندوتیژخوازانەیان دەکات.

توندوتیژی سەرچاوەگرتوو لە هەڵاواردن، نەبوونی فەرهەنگی دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتنە و بەمەبەستی سەپاندنی ئاکارێک، بیرۆکەیەک یان کردارێکە تاکوو لایەنی ژێرچەپۆک ناچار بە ملکەچ بوون بکرێت؛ لەسەر ئەم بنەماش توندوتیژی پێوەندییەکی زۆر قوڵ و نیزیکی لەگەڵ کێشە دەروونییەکان، هەڵاواردنەکان و لێکخشانە کۆمەڵایەتییەکان هەیە؛ کاتێک مرۆڤ لە بەرامبەر دوژمن، دژبەر و ئەویترەکەیدا هەست بە لاوازی بکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم بۆشاییەی نێو ڕەوانی، پشت بە توندوتیژی دەبەستێ؛ ئەم هاوکێشە لە گشتیەتی خۆیدا بۆ ئەو ڕێژیمانەی کە توندوتیژی بووەتە سەرباشقەی سیاسەت کردنیان بە تەواوەتی سەلمێنراوە؛ ئەم ڕاستییەش ئەو کاتە زیاتر خۆی دەنوێنێ کە لە سیستمە پێشکەوتووە بەهێزەکاندا ڕێپێوانی ئێعترازی سەدان هەزار کەسی پێک دەهێنرێ و حکومەتیش نالەرزێ بەڵام لە ڕێژیمێکی لاوازی وەک کۆماری ئیسلامی بەدەنگەوە هاتنی دوو خوێندکار یان کرێکار دەبێتە مایەی بشێوی و ئاژاوە و نەتەنیا دەسبەسەرکردنی لێدەکەوێتەوە بەڵکوو لە گەشبینانەترین حاڵەتدا بە تاوانی سیخوڕی ئێعدام ناکرێن کە ئەمە دەرهاویشتەی ترسی دەسەڵاتێکی لاوازە.

بە ڕوانینێکی تر و بەپێی زانستی سایکۆلۆژی، گرێی "خۆبەکەم زانین"(حقارت) هەموو کات توندئاژۆیی لێدەکەوێتەوە؛ کاتێک تاکە دەسەڵاتبەدەستەکان خۆیان بە کەمتر لە خەڵکی دیکە بزانن و خاوەنی متمانەبەخۆیی نەبن، بۆ داپۆشینی کەمایەسییە ڕۆحی-ڕەوانییەکەیان شەڕئەنگێزی و توندئاژۆیی دەکەنە مێتۆدی هەڵسوکەوتیان.

ئەو ڕاستییەش نابێ لە بیر بکەین کە حکومەتگەلی لەم چەشنە بۆ بردنەسەری ئامانجەکانیان کەڵک لە هەندێ فرت و فێڵی سواو وەردەگرن کە زەقترینیان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە(بەشێوەی هەمیشەیی و سیستماتیک)؛ پڕئاشکرایە کاتێک کە بەردەوام درۆ و دەلەسە بە گوێی کەسێکدا بئاخنرێ ئاکامەکەی درووست بوونی جۆرێک لە بێ متمانەییە؛ واتە ئەو کەسە باوەڕ بە درۆکان ناهێنێ بەڵکوو باوەڕ و متمانەی بەرامبەر بە ڕاستییەکانیش لە دەس دەدات و باوەڕ بەوە دەهێنێ کە هیچ کەسێک بە سداقەتەوە لەگەڵی قسە ناکات (دۆخی هەنووکەیی ئێران)؛ کاتێک کە خەڵک نەتوانن باوەڕ بە یەکتر بکەن، ناتوانن خاوەنی هیچ بۆچونێکیش بن، بەم پێیەش لە توانایی ئەنجامدانی چالاکی شوێندانەر بێبەش دەبن و هێزی بیرکردنەوەشیان نامێنێ یان زۆر کەمڕەنگ دەبێتەوە. لەم کاتەدایە کە دەوڵەتی تۆتالیتێر چی پێ خۆش بێ دەتوانێ بەرامبەر بەو خەڵکە بیکات.

بەڕوانینێکی تردا لە نێو حکومەتە دیکتاتۆر و دێسپۆتیستەکان کە خۆیان بە خودا و سەروەری هەمووان دەزانن، تەنیا ڕاوبۆچوونی حکومەت دەبێ جێبەجێ بکرێت و باوەڕ و بۆچوونی دیکە قبووڵ ناکرێت، چونکە بیری جیاواز لە بیری حاکم ئەگەری ڕاسانی فکری لێدەکەوێتەوە و دەبێ بەهەر شێوازێک بووە لەنێو بچێت. گرینگترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی جیابیریش بریتییە لەوەیکە ڕای تاکی دەسەڵاتبەدەست لەڕێگەی پڕوپاگەندە بەربڵاوەکانەوە ئەوەندە گرینگ و پڕواتا نیشان بدرێت کە سیمایەکی "پیرۆز" بەخۆوە بگرێت کە لەو کاتەدا ڕای جیاواز دەبێتە سووکایەتی بە پیرۆزییەکان و ئەمەش لای کۆمەڵانی خەڵک جێگەی پەسن نییە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی دەبێتە پرسێکی لواو؛ بۆ زیاتر چەسپاندنی ئەم پیرۆزییانەش حاکمی دێسپۆتیست تێمێکی شۆڤێنیستی ئیدیۆلۆژیک (کە ئاڵۆزترین چەشنی شۆڤێنیزمە) بە قسەکانی دەبەخشێ و ئیدیالەکانی خۆی بەسەر خەڵکەکەیدا دەسەپینێ!

سەبارەت بە ئێران، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەموو تاکێکی ئێراندا (ناخۆدییەکان) بێ‌جیاوازی کیشەی هەیە و چونکە توانای وڵامدانەوە بە ویست و داواکارییەکانی ئەوانی نییە بەردەوام سەرقاڵی بگرەوبەردە و سەرکوتە؛ ئەو "ناخۆدییانە" کێن؟ لێرەدا تەنیا ناوی ئەو کەس و لایەنانە دەهێنین کە ڕۆژانە دەکەونە بەر بەزەییە ئاسمانییەکانی ئۆمۆلقوڕای جیهانی ئیسلام: نەتەوە بندەستەکانی نیشتەجێ لە ئێران کە بریتین لە کورد، بەلوچ، تورکمان، عەرەب، ئازەری و هتد، لایەنگرانی حیجابی ئیختیاری و دژبەرانی حیجابی زۆرەملی، دەراویشی گۆنابادی، بەهاییەکان، سەڕاف و بازرگانی ئەرز، کاسبکار و کۆڵبەر و دەسفرۆشەکانی سەر شەقام، چالاکانی بواری منداڵان، ژنان، خوێندکاران، کرێکاران، ژینگەپارێزان، یارمەتیدەران بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، شاعێرانی زمان‌زبر، کارتۆنیستەکان، جیابیرانی سیاسی، دەرچووانی زانکۆکان، گەشتیار و تووریستەکان و مێشکە هەڵاتووەکان بۆ دەرەوەی وڵات.

بەم پێیە کێ لە ئێراندا دەمێنێتەوە کە "خۆدی" بێت و ڕێژیم کێشەی لەگەڵیدا نەبێت؟ وڵامەکە ڕوونە: پاسدارانی سپا، مۆرەکانی ئیتلاعات، تاکەکانی نێو بەیتی ڕێبەری، وەزیر و پارێزگار و فەرماندارەکان کە ئەوانیش سووکەترسێکیان هەر هەیە و خوداسالار (دێسپۆت) هەر بە گومانەوە لێیان دەڕوانێ!

لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ بەردەوامی لە تەمەن و دەسەڵات پێویستییان بە یارمەتی خەڵکێک هەیە کە بەسەریاندا زاڵن! واتە بەپێچەوانەی ڕای گشتی تەنانەت سەرەڕۆترین دیکتاتۆرەکانیش بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و نواندنی توندوتیژی و سیاسەتە شەڕئەنگێزەکانیان( یان بە واتایەکی دیکە بۆ دامرکاندنی هەستە سادیسمییەکانیان) بەستراوە بە خەڵکن؛ بە ڕوویەکی تریدا هیچ دیکتاتۆرێک بەبێ بوونی خەڵک ناتوانێ سەرچاوەکانی هێزی سیاسی خۆی دابین بکات، بەم پێیەش ئەگەر هاوکاری خەڵک نەبێت – سەرەڕای سەرکوتەکان – سەرچاوەکانی هێزی دیکتاتۆر بۆ توندوتیژی نواندن، سنووردار و تەنانەت وشک دەبێت کە یەکەم ئاکامی بریتی دەبێ لە درووست بوونی دڕدۆنگی و گومان لەنێو پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتدا؛ ئەم ڕەوتە هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی بەردەوام و ئاشکرای دیکتاتۆر درێژەی دەبێت و بە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی شەپڵەیی و ئیفلیجی ڕێژیم و لە کۆتاییشدا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە!

لەکۆتاییدا ئاماژە بە شڕۆڤەی چەند خاوەنڕای دنیای سیاسەت لەمبارەوە دەکەم:
- "کارل دەبلیۆدۆچ" لە ساڵی ١٩٥٣دا باس لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەکات و دەڵێ: دیکتاتۆر تا ئەو کاتە بەهێزە کە کەڵک لە دەسەڵاتە ڕەهاکەی وەرنەگرێت؛ ئەگەر بڕیار بێت هێزی ڕەها بۆ هەمیشە لەدژی خەڵکی وڵاتەکەی بەکار ببردرێت تەمەنی کورت دەبێتەوە چوونکە هەموو حکومەتێک بۆ بەردەوامی پێویستی بە پێگەی خەڵکی و پشتیوانیی گەل هەیە.

- جان ئاوستین دەڵێ: ئەگەر زۆرینەی خەڵک بڕیاری سەرەونخون کردنی حکومەتەکەیان بدەن و لەم ڕێگەیەدا ئامادە بن نرخ پێشکەش بکەن سەرکەوتنیان مسۆگەرە چوونکە خەڵکی خەباتگێڕ بە زۆرەملی و توندئاژۆیی ملکەچ نابن.

- نیکۆلۆ ماکیاولی دەڵێ: شازادەیەک کە کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکەی وەک دوژمن ببینێت ناتوانێ پارێزگاری لە خۆی بکات و هەرچەندە زوڵمی زیاتر دەرحەق بە خەڵکەکەی نیشان بدات، ڕێژیمەکەی لاوازتر دەبێت.

سەرچاوەکان:
جین شارپ، از دیکتاتوری تا دمکراسی
هانا آرنت، خاستگاه‌های توتالیتاریسم

شەماڵ تەرغیبی