photo 2019 02 01 18 21 49

 
 
 
لاوان میدیا: کەیهان کەلهۆڕ هونەرمەندی ناوداری کورد، ناوی لە ڕیزبەندی بیست هونەرمەندی بەناوبانگی جیهاندا تۆمار کراوە.
 
گۆڤارێکی بەناوبانگی بەریتانی بەناوی "سانگ لاینز" کە تایبەتە بە بواری مۆسیقا، بەبۆنەی بیستەمین ساڵڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی ئەو گۆڤارە، لە ڕاپۆرتێکدا ناوی بیست هونەرمەندی بەناوبانگی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە کە ناوی کەیهان کەلهۆڕ، هونەرمەندی ناوداری کوردیش لە ڕیزبەندی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.
 
کەیهان کەلهۆڕ، ژەنیاری کەمانچە و ئاهەنگسازی بەناوبانگ و بەتوانای کوردە، لە دایکبووی ۳ی سەرماوەزی ۱۳٤۲ی هەتاوی، خەڵکی شاری شائاباد لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی کانادایە.
 
ئەو هونەرمەندە ناودارە کوردە، تاوەکوو ئێستا دوو خەڵاتی بەناوبانگی جیهانی بەدەست هێناوە، لە ڕۆژی ۱۰ی خەرمانانی ئەمساڵدا خەڵاتی نێونەتەوەیی "Human spirt-ڕۆحی مرۆڤ"ی مۆسیقا لە کێبڕکێی جیهانیی "ئیزک ئشترن" و لە ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی، لەگەڵ گروپی "ڕێگای ئاوریشم" بەبۆنەی ئالبۆمی "sing me home"، وەکوو باشترین ژەنیار هەڵبژێردرا و خەڵاتی نێونەتەوەیی "Grammy Awards"ی، بەدەست هێناوە.