c2b03a5f73c69baf3fb4712551b7330e XL

 
لاوان میدیا: لە وڵاتی ئەڵمان بە ڕەسمی زمانی کوردی لە ڕیزی زمانە جیهانییەکانەوە زیاد کرا و لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە دەخوێندرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "یەکیەتیی مامۆستایانی کورد لە ئورووپا"، لە وڵاتی ئەڵمان زمانی کوردی وەک زمانە جیھانییەکانی دیکە لە قوتابخانەکان و وەک زمانی دووهەم دەخوێندرێت و قوتابیان فێری زمانی کوردی دەکرێن.
لەو بارەیەوە "عەبدولقادر ئولوماسکان"، سەرۆکی یەکیەتیی مامۆستایانی کورد لە ئەوروپا، ڕایگەیاندووە: "لە ھەرێمی ڕاینی باکوور- وێستفالیا (Nordrhein-Westfalen) بڕیاردراوە زمانی کوردی بە لیستەی ئەو زمانە جیھانییانەوە زیاد بکرێت و قوتابییان دەتوانن ئارەزوومەندانە وەک وانەی زمانی دووهەم یان سێیەم بیخوێنن".
ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە،  نمرەی قوتابییان لە وانەی کوردی کاریگەری دەبێت لەسەر کۆنمرەی ساڵانە، واتا وانەی کوردی وەک وانەیەکی سەرەکی لە قوتابخانەکان ھەژمار دەکرێت.
زمانی کوردی زمانێکە که خەڵکی کورد لە وڵاتی کوردستان قسەی پێدەکەن. زمانی لە ڕووی بنەماڵەوە بەشێکە لە بنەماڵەی زمانە ھیند و ئورووپایییەکان.
 
سەرچاوە : کوردستان میدیا