sabah nikxwa 96

۲۵ی گەلاوێژی ۷۲ ساڵ لەمەوبەر

مێژووژمێر خاڵی وەرچەرخان نیشان ئەدات بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و

ئێرە مهابادە و

 

حیزبێک چاو بە گۆڕەپانی سیاسەت هەڵدێنێ کە لە هەموو ڕەهەندێکەوە ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی خواست و ئیرادە و دەنگـی کوردستـانـی ئێــران.

ئێرە مهابادە و

"پیاوێکی بارکەلەی ڕیش‌تەنکی لەتیشک‌چووی، مۆتوربەکراو لە خۆشەویستی خاک‌وخۆڵ"

پێشەوایەک کە:

"بۆ گەلی کوردی هەژار، بوو بە داری ڕیشەدار

کوردستان بە ناوی ئەو، دەرکەوت لە هەر دیار"

لەمڕۆدا، برووسکەی هیوایەک ئاراستەی [لە ماکۆوە تا مووسیان] ئەکات و ئەم هەواڵە ورەبەخشە جاڕئەدات:

"مزگێنیم دەیە دەگەی بە ئاوات

کوردە لە سایەی حیزبی دیموکرات

حیزبی دیموکرات تۆ دەدا نەجات

پیادەی ئەو شاهی دوژمن ئەکا مات"

حیزبێک کە بێزووی ئازادیی دایکی نیشتمان ئەشکێنێ و دوای بەرەژانەکانی شۆڕشی سمکۆ و ڕاپەڕینی شێخی نەهری و سەرهەڵدانە ناوچەییەکانی‌تر؛

بەو ئامیانەی کە لە هەگبەکەی ژێکافی مەزنیەوە، هەڵیگرتووە، یەکەمین کۆماری کوردی دائەمەزرێنێ.

حیزبێک کە قاسملوو و شەرەفکەندی سیما و پێناسەیەتی و داهێنەری (وشەی مەزنی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان و سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب)ە: سێکوچکەیەک کە بوو بە هەوێن و مەکۆی سەرجەم بزووتنەوە و بزاڤە شۆڕشگێڕەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان.

حیزبێک کە سەدان سەروەری و شانازیی گەورەی لە مێژووی خەباتی ڕزگاری‌خوازانەی گەلی کوردا تۆمار کردووە و هەرگیز خۆی قەتیس نەکردووە بە یەک شێوە خەبات و لە پاش ئەزموونە پیرۆزەکانی بەرگری شار و شۆڕشی شاخ، ئەو کاتەی کە هاوکێشە سیاسی و سەربـازییەکانی ناوچە وایپێکرد کە شێوە خەباتی تاراوگە ئەزموون بکات، هاتە ئاخێزگە پاکەکەی هزری حاجی قادر و شاعیری ئەی‌ڕەقیب، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی‌تریش:

"هەڵیکا بەیرەقی کوردان لە دەوران

لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان"

لە دامەزرانی ژێکافەوە تاکوو ئەمڕۆ، ماوەی نیوەی تەمەنی پڕ لە گیانبازی و قارەمانێتی ئەم حیزبە؛ تاقانە حیزبی گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەو نیوەکەی‌تری تەمەنی، حیزبی یەکەمی پێشەنگ و ڕێکخەری خەباتی کۆمەڵانی خەڵک بووە، دژ بە ڕژیمەکانی پەهلەوی و ئاخوندی و و بە کردەوە سەلماندوویەتی کە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی، هیچ بەربەست و زەبر و زەنگێک ناتوانێ پێش بە ورە و چالاکیی کادر و پێشمەرگانی بگرێ. مانەوە و بوونی کارای ئەم حیزبە لە مەیداندا، وایکردووە کە ڕۆژی دامەزراندنی، جێگە و پێگەیەکی تایبەتی ببێ لە ناو جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ئاستی بۆنەیەکی پیرۆزی نەتەوەیی، هاوشێوەی نەورۆز، لەم ڕۆژەدا وەکوو نەریتێکی دێرین و مێژوویی کورد، لە بەرزاییەکان ئاگر ئەکرێتەوە و یادی ۲۵ی گەلاوێژ شکۆدار و بەرز ڕائەگیرێت. 

 لە ساڵوەگەڕی ئەم یادە پیرۆزەدا، لەبەر شەوقی مەشخەڵانی ڕاسان و وەرزی نوێی خەباتی حیزبەکەمان کە گرێدانی خەباتی شاخ و شارە، سەرڕێژ لە هەستی شانازییەکی پیرۆز کە سەر بە حیزبێکی هێندە سەربەرز و خۆشەویستین؛

"هەر هەموومان چاو لە چاوی ئاسۆ ئەبڕین، بە ئاسمانی مەیلەو شینی خەیاڵانا، ئەفڕین، ئەفڕین و"

بە هەوراز و نشێوی تێکۆشانی ئەم حیزبەدا سەرئەکەوین و دائەگەڕێین و پەیمان لەگەڵ شەهیدان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادیدا، نوێ ئەکەینەوە و ئەڵێین:

"ئێمە ڕۆڵەی دیموکراتین سەرمان قوربانی ڕێبازی

هەتا مردن وەفادارین بە حیزبی پێشەوا قازی"

سەباح نیک‌خا