چالاکی کوردستان

IMG 20191103 120706 515کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمیتەی بەمۆی یەکیەتیی لاوان بەڕێوەچوو

. کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆمیتەی بەمۆی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو. 
 لاوان میدیا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱٠ خەزەڵوەری ۱۳۹۸ی هەتاوی، کۆمیتەی بەمۆی یەکیەتیی لاوان کۆنفڕانسی 
ساڵانەی خۆی بە گوێرەی بەرنامە و پێڕوەی ڕێکخراوەی لە شارۆچکەی " زەڕایەن " بەڕێوەبرد. 
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی، بۆ ڕێزگرتن لە رۆحی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، و پاشان بەڕێز "سەلام قادری"، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کۆنفرانسەکەی کرد و بەرنامەی کاریی کۆنفرانسەکەی بۆ هاورێیانی بەشدار ڕوونکردەوە و دواتر کاروچالاکییەکانی یەکیەتیی لاوانی لە ماوەی یەکساڵدا بۆ بەشداران خستەبەرباس. لە بڕگەی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا وەکوو ڕەواڵی هەمیشەیی لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتدا، هاوڕێ " ئارمان یەعقووبی " وەک بەرپرسی نوێی کۆمیتەی بەمۆ هەڵبژێردرا.

IMG 20191029 152505 161

شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەنابەرانی وڵاتی نۆروێژ سەردانی یەکیەتیی لاوانی کرد.

 شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەران و کۆچ و کۆچبەری وڵاتی نۆروێژ 
سەردانی بنکەی سەرەکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
لاوان میدیا: ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ۱۳۹۸ی هەتاوی،شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەنابەرانی وڵاتی نۆروێژ سەردانی بنکەی سەرەکی یەکیەتیی لاوانیان کرد کە شاندی ناوبراو لە لایەن بەڕێز " عومەر فەخرەدینفەڕ"سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشوازییان لێکرا.  
لەم دیدارەدا سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوان، وێڕای باسکردن لە چالاکی و کاری تەشکیلاتی یەکیەتیی لاوان لە نێوخۆی وڵات هاوکات بارودۆخی لاوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستەبەرباس و بە تایبەتیش هۆکار و پاڵنەرەکانی کۆچبەربوونی لاوانی ڕوونکردەوە کە لە هۆکارەکانی خەمساردی ڕێژیم لە ئاست داخوازیی و ویستەکانی توێژی لاوان و بێ بەشبوونی لاوانی وڵات و بە تایبەتی لاوانی کوردە لە سەرەتاییترین مافەکانیان کە هەموو ئەمانە هۆکارێکن بۆ بێ هیوابوونی لاوان و بەجێهێشتنی وڵات و کۆچبەربوونیان.

IMG 20191019 201606 282

IMG 20191019 201616 845

کۆمیتەی هەرمانی یەکیەتیی لاوانیدێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێوارە شێعرێکی لە ژێر ناوی "ئێوارەیەکی پاییزی" بەڕێوەبرد.

 لاوان میدیا: ڕۆژی هەینی ٢٦ ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆمیتەی هەرمانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێوارە شێعرێکی بەڕێوەبرد. سەرەتای کۆڕەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد و دواتر "ڕامیار شامرادی" یەکێک لە بەشدارانی کۆڕەکە چەند پارچە شێعرێکی خوێندەوە. لە بڕگەی دواتری ئێوارە شێعرەکەدا "ناسح خاکی" بە چەند کورتە شێعرێکی نیشتمانی و دڵداری کۆڕەکەی ڕازاندەوە.
 بڕگەیەکی دیکەی ئێوارەشێعرەکە بە گۆرانییەک لە لایەن پێشمەرگەی هونەرمەند "نیزام سەجادی" ڕازێندرایەوە و دواتر " مورتەزا مورادوەیسی" بە پەخشان و "ژینۆ حاجی ڕەسووڵی" بە شێعر بەشداری کۆڕەکە بوون و لە بڕگەیەکی دیکەدا "دڵدار سمکۆ" بە شێعرێک بەشداربوو و ئێوارەشێعرەکە بە هەڵپەڕکێی گشتی کۆتایی پێهات.  

IMG 20191015 225252 191

شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەمەبەستی پیرۆزبایکردن بەبۆنەی ٤٧ مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی کوردستان سەردانی ئەو ڕێکخراوەیان کرد.

 لاوان میدیا: ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ ڕەزبەری ١٣٩٨ هەتاوی، شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی "واحید ئەحمەدی" جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوان بە مەبەستی پیرۆزبایکردن بە بۆنەی ٤٧ مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی لاوانی کوردستان سەردانی لێژنەی کۆیەی ئەم ڕێکخراوەیان کرد.
 شاندی یەکیەتیی لاوان لە لایەن هاوڕێ " ئاراس خالید " بەرپرسی لێژنەی کۆیەی یەکێتی لاوانی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا و هاوکات هەردوو لایەن پێداگریان لەسەر بەردەوامی و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانیان کردەوە.

IMG 20191015 132049 997

بەشی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی سەبارەت بە ژیان و خەباتی نیشتمانپەروەر وشۆڕشگێڕی کورد "محمود خانی دزڵی" لەژێر ناوی " شۆڕشگێڕێکی لەبیرکراو، مەحموودخانی دزڵی هەورامان" بەڕێوەبرد. 

لاوان میدیا: بەشی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ڕەزبەری ١٣٩٨ هەتاوی بەرابەر بە ١٤ ئۆکتۆبری ٢٠١٩ سێمینارێکی بۆ بەڕێز "هادی عەزیزی" لێکۆڵەر و شارەزای بواری کوردۆلۆژی لە بنکەی سەرەکی ڕێکخراوەکە پێکهێنا.
 سەرەتای سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد. دواتر بەڕێز "هادی عەزیزی" سێمینارەکەی خۆی لە دوو پانێلدا دەستپێکرد. بەڕێز "هادی عەزیزی" لە سەرەتای باسەکەیدا بە باسکردن لە مێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی نەتەوایەتی کورد لە دوای نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای هەردوو دەوڵەتی داگیرکاری ئەوکاتی کوردستان واتە عوسمانی و قاجار دەستیپێکردوو بە وەبیرهێنانەوەی هەموو شۆڕشەکان لە شۆڕشی نەهرییەوە هەتا کۆماری کوردستان ، دەروازەیەکی بۆ دەرکەوتن و ژیان و شۆڕشی شەهید "مەحموود خانی دزڵی" هەورامان کردەوە.
 لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا بە وردی لە سەر ژیان و خەبات و نیشتمان پەروەری شەهید "مەحمودخانی دزڵی" دواو تەواوی ئەوخاڵانەی ئاشکراکرد کە لە مێژووی ئەم سەدەیەدا بوونەتە ڕێگر هەتا رۆڵی کەسانێکی وەک شەهید مەحموود خان و بە دەیان قارەمانی تر بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
 شایانی باسە ((مەحموود خانی دزڵی ساڵی 1870 لە گوندی دزڵی هەورامانی تەخت لە دایک بووە، بۆساڵانێکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ قاجار، پەهلەوی و هەروەها بریتانیاییەکان و داگیرکارانی کوردستان کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر لە بەندیخانەکانی هێندوستان، کەرکووک، سلێمانی، قەسری قاجار، پەهلەوی ماوتەوە بەڵام هیچکات دەستی لە شۆڕش و خەبات دژبە داگیرکەرانی کوردستان هەڵنەگرتوە، ناوبراو بە پاڵەوانی یەکەمی شەڕی شێخ مەحموود لەگەڵ بریتانیا ناسرا کە سلێمانی لە دەست بریتانیا رزگار دەکەن. ناوبراو ساڵی 1946 بە بیانووی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی پەهلەوی لە ناوچەیەک بە ناوی مڵەخوورد، لە لایەن ئەفسەڕێکی رژیمی شاوە دەرمانخوارد دەکرێ ودوای 9رۆژ لە تەمەنی 76ساڵیدا شەهید دەبێت و ناوی دەچێتە ڕیزی نەمرانی کورد و کوردستانەوە)).
 سێمینارەکە بە بەشداری چالاکانەی بەشداربووان بە بۆچوون و تێبینیەکانیان کۆتایی پێهات.