IMG 20191015 132049 997

بەشی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی سەبارەت بە ژیان و خەباتی نیشتمانپەروەر وشۆڕشگێڕی کورد "محمود خانی دزڵی" لەژێر ناوی " شۆڕشگێڕێکی لەبیرکراو، مەحموودخانی دزڵی هەورامان" بەڕێوەبرد. 

لاوان میدیا: بەشی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ڕەزبەری ١٣٩٨ هەتاوی بەرابەر بە ١٤ ئۆکتۆبری ٢٠١٩ سێمینارێکی بۆ بەڕێز "هادی عەزیزی" لێکۆڵەر و شارەزای بواری کوردۆلۆژی لە بنکەی سەرەکی ڕێکخراوەکە پێکهێنا.
 سەرەتای سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد. دواتر بەڕێز "هادی عەزیزی" سێمینارەکەی خۆی لە دوو پانێلدا دەستپێکرد. بەڕێز "هادی عەزیزی" لە سەرەتای باسەکەیدا بە باسکردن لە مێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی نەتەوایەتی کورد لە دوای نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای هەردوو دەوڵەتی داگیرکاری ئەوکاتی کوردستان واتە عوسمانی و قاجار دەستیپێکردوو بە وەبیرهێنانەوەی هەموو شۆڕشەکان لە شۆڕشی نەهرییەوە هەتا کۆماری کوردستان ، دەروازەیەکی بۆ دەرکەوتن و ژیان و شۆڕشی شەهید "مەحموود خانی دزڵی" هەورامان کردەوە.
 لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا بە وردی لە سەر ژیان و خەبات و نیشتمان پەروەری شەهید "مەحمودخانی دزڵی" دواو تەواوی ئەوخاڵانەی ئاشکراکرد کە لە مێژووی ئەم سەدەیەدا بوونەتە ڕێگر هەتا رۆڵی کەسانێکی وەک شەهید مەحموود خان و بە دەیان قارەمانی تر بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
 شایانی باسە ((مەحموود خانی دزڵی ساڵی 1870 لە گوندی دزڵی هەورامانی تەخت لە دایک بووە، بۆساڵانێکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ قاجار، پەهلەوی و هەروەها بریتانیاییەکان و داگیرکارانی کوردستان کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر لە بەندیخانەکانی هێندوستان، کەرکووک، سلێمانی، قەسری قاجار، پەهلەوی ماوتەوە بەڵام هیچکات دەستی لە شۆڕش و خەبات دژبە داگیرکەرانی کوردستان هەڵنەگرتوە، ناوبراو بە پاڵەوانی یەکەمی شەڕی شێخ مەحموود لەگەڵ بریتانیا ناسرا کە سلێمانی لە دەست بریتانیا رزگار دەکەن. ناوبراو ساڵی 1946 بە بیانووی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی پەهلەوی لە ناوچەیەک بە ناوی مڵەخوورد، لە لایەن ئەفسەڕێکی رژیمی شاوە دەرمانخوارد دەکرێ ودوای 9رۆژ لە تەمەنی 76ساڵیدا شەهید دەبێت و ناوی دەچێتە ڕیزی نەمرانی کورد و کوردستانەوە)).
 سێمینارەکە بە بەشداری چالاکانەی بەشداربووان بە بۆچوون و تێبینیەکانیان کۆتایی پێهات.