57284425 2436377393040716 7343360865942372352 n

لاوان میدیا: کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان و ڕێکخستنی حیزب لە شاری سلێمانی، سێمینارێکیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرکی لاوان و ڕێکخستنەکانی حیزب لە قۆناغی ئێستای خەباتدا، بەڕێوە برد.

 

ئەم سێمینارە کە ڕۆژی هەینی، ٦ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو، بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد

 

پاشان "دارا ناتق"، بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب لە هەرێمی کوردستان، باسێکی پێشکەش کرد، ناوبراو وێڕای ئاماژە بە سیاسەتەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران کە هەنگاو بە هەنگاو کردەیی دەکرێن باسی لەوە کرد، کە ئاڵقەی گەمارۆکانی ئابووری لەسەر ڕێژیمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ تەنگتر دەبنەوە و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە گەیشتووتە ئاستی سفر و سپای پاسداران وەک هێزی فەرمی ئەو وڵاتە بە تێرۆریست دەناسرێت.

 

ناتق هەروەها وتیشی: ئێران لە بەردەم ئاڵوگۆڕێکی گرینگ و مێژووییدایە. ئەستەمە ڕێژیم بتوانێت لە ژێر باری ئەم هەموو قەیرانە پشتڕاست بکاتەوە و توانای ‌چارەسەریی كێشەکانی نەماوە و سەرەتای ڕووخانی نیزام دەستی پێ کردووە. پێویستە بە گوڕ و تینتر لە جاران لە گۆڕەپانی خەباتدا تێ بکۆشین و هەوڵ بدەین ببین بە هێزی شوێندانەر.

 

لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا هاوڕێ "عومەر فەخرەدین فەر" سکرتێری یەکیەتیی لاوان، ئاوڕێکی کورتی لەسەر دۆخی لاوان لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دایەوە و باسی لەوە کرد، کە تێکنۆلۆژی و ئامێرەکانی گواستنەوەی خێرای زانیاری بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری گشتیی لاوان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن باوەڕمەندی کەسیی بەپێی لێکدانەوەکانی بیری ئازادی و دەرەنجامەکەشی بووە هۆی ڕووخانی زۆربەی دیکتاتۆرەکان بەدەستی هێزی بەهێزی لاو.

 

هەروەها سەبارەت بە خەباتی سێنفی _سیاسی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی خەباتی شار وەکوو ڕەهەندێک لە قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵات کرد و وتی: ئەم شێوازە لە خەبات هاوشان لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی خەبات پێویست و گرینگە.

 

لە کۆتاییدا، بەشداربووان بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە نێوەرۆکی باسەکانی ئەو سێمینارە هینایە بەرباس و لە لایەن هاوڕێیان "دارا ناتق" و "عومەر فەخرەدین فەر"ەوە، وڵامیان درایەوە.

 

58895095 2436377763040679 6485252706876260352 n