IMG 20200224 103457 913

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ۷٤هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

۷٤هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی لاوانی چوارپارچەی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
لاوان میدیا: ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱ی ڕەشەممەی ۱۳۹۸ی هەتاوی بەرابەر بە ۲٠ی فێورییەی ۲٠۲٠ زایینی، ڕێوڕەسمی یادی ۷٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستیپێکرد، دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا.
پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان لە لایەن هاوڕێ "واحید ئەحمەدی" جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە پاشان گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەلایەن پێشمەرگەی هونەرمەند "کامران سەرشین" و بە هاوکاری کۆڕی هونەری یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەشکرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکیەتیی لاوان لەلایەن هاوڕێ " واحید ئەحمەدی" پێشکەش بە هاوڕێ "بەختیار عوسمانی" جێگری بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا، لەپای پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامی حیزب بۆ یەکیەتیی لاوان.
لە بڕگەی دواتردا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی خاتوو "بێریڤان عەزیمی" و کاک "سامڕەند مام نەبی" کرا کە توانیبوویان سەرکەوتووانە پلەی یەکەمی لە دەورەی کادری یەکیەتیی لاواندا بەدەست بهێنن و دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش هاوڕێ " زانیار ئیسماعیلی" کرا کە بەردەوام وەک ئەندامێکی چالاکی یەکیەتیی لاوان هاوکاری ڕێکخراوبووە خەڵاتەکان لەلایەن هاوڕێ " عومەر فەخرەدینفەڕ" سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەشکران.
بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییەکی پێشمەرگەی هونەرمەند " نیزام سەجادی" و بە هاوکاری کۆڕی هونەری یەکیەتیی لاوانەوە ڕازێندرایەوە.
پاشان خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکیەتیی لاوان لەلایەن هاوڕێ " عومەر فخرەدینفەڕ" پێشکەش بە نوێنەری ڕێکخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، خاتوو " ژینۆ حاجی ڕەسووڵی" شێعرێکی بە ناوی "مەکۆی ڕاسانە سەنگەرم" پێشکەشکرد.
پاشان گروپی هەڵپەڕکێی "لاوانی خۆرهەڵات" بە سەرپەرەشتی هاوڕێ " کامران قۆیتاسی" چەند تابلۆیەک لە هەڵپەڕکێیان پێشکەشکرد.  
بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە گۆرانییەک کە لەلایەن پێشمەرگەی هونەرمەند " کامران سەرشین" و بە هاوکاری کۆڕی هونەری یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەشکرا.
ڕێوڕەسمەکە بە گۆڤەند و دیلانی بەشداران کۆتایی پێهات.