IMG 20190707 144957 101
 
لاوان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سیمینارێکی لەوڵاتی سویس بۆ ئەندامانی یەکیەتیی لاوان بەڕێوە برد.
 
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ژوئینی ٢٠١٩ی زایینی یەکیەتیی لاوان لە شاری زوریخی وڵاتی سویس سمینارێکی گشتی بۆ ئەندامانی لاوان لە و وڵاتە لەژێر ناوی "قاسملوو و گرینگی ڕاسانەوەی ڕۆژهەڵات" بەڕێوە برد.
 
لە سەرەتای سمینارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد
 
لە سەرەتادا هاوڕێ "دارا ناتق" بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند بابەتێکی لەسەر ڕۆڵی لاوان لە ڕاسان و گرینگی ئاشنابوونی نەوەی نوێ لەگەڵ هزری قاسملوو ڕێبەری کاریزما پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
 
لە بڕگەی دووهەمی سمینارەکەدا هاوڕێ "عومەر فەخرەدین فەر" سکرتێری یەکیەتیی لاوان بابەتێکی سەبارەت بە خەباتی ڕێکخراوەیی دوکتور قاسملوو لە دامەزرانی یەکیەتیی لاوان تاوەکوو ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی باسکرد و، پاشان سەبارەت بە دەسکەوتە پڕ بایەخەکانی سەردەمی سکرتێر بوونی شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو چەند خاڵێکی بۆ بەشداربووان خستە بەرباس و لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا باسی لە ڕۆلی لاوان لە دەرەوەی وڵات کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەندامانی دەرەوەی وڵات دەبێ لە سازکردنی پێوەندی زیاتر لەگەڵ لاوانی نێوخۆ و گەیاندنی دەنگی ئەم توێژە بە کۆمەڵگای جیهانی چالاکتر بن و هەروەها چەندین ڕێکاری بۆ چالاکتر بوونی کۆمیتەی لاوان لە وڵاتی سویس بۆ بەشداران باسکرد.
 
لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا هاوڕێ "کامەران ڕەسوڵی" جێگری بەرپرست تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی قەوارەی حیزب لە دوای کۆنگرەی ١٦ بە شێوازێکی تایبەت بۆ بەشداربووان باسکرد و داواشی لە لاوان کرد کە لە تەواوی قۆناغەکانی ژیانی خۆیاندا لە هەوڵدانی سیاسی و کولتووری دەست هەڵنەگرن و هیچکات ڕێگە نەدەن لە خەبات نائومێد بن.
 
لەبڕگەی کۆتایی سمینارەکەدا هاوڕێ "ئەنوەر بەردیا" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانلە وڵاتی سویس، داوای لە لاوانکرد کە هێز و وزەی خۆیان بۆ چالاکتر کردنی ڕێکخراوی لاوان و بەرەوپێشچوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێکخراو وەگەر بخەن و خۆ لە کەم کاری بە دوور بگرن.
 
لە کۆتایی سمینارەکەدا پرسیار ئاراستەی پێشکەشکارانی سمینارەکەکرا و لەلایەن هاوڕێیانەوە وڵامدرانەوە و سمینارەکە بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهات.