a yadi nwetrin shaydani pdkiلاوان: لە یادی ٢٧ەمین ساڵیادی تیرۆرکرانی شەهیدی ڕیبەر د. قاسملوو و هەروەها بۆ یادکردنەوە لە شەهیدانی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکڕات و هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی سەرهەڵدانەوەی ئەو خەباتە، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ژوولیەی ٢٠١٦ی زایینی کۆڕیادێک لە شاری ستۆکهۆڵم بە بەشداری چەندین میوان و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.


 کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و
چەند ساتێک ڕاوەستان بە بێدەنگی بۆ  رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. ڕیزبەندی بەرنامەکە لەلایەن ئامادەکارانی کۆڕیادەکەوە بە بەشداران ڕاگەیەندرا. کۆڕەکە لە دووبەشی خوێندنەوەی پەیام و پێشکەشکردنی سیمینار پێکهاتبوو.

لە بڕگەی یەکەمدا ئەو پەیامانە خوێندرانەوە:

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە لایەن بەڕێز زانیار ئەشڕەفی خوێندرایەوە.

پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە لایەن بەڕێز عارف عەزیزی خوێندرایەوە.

پەیامی هاوبەشی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و ناوەندی یەکیەتی کوردان لە وڵاتی سوید لەلایەن بەڕێز ئاشتی عەبدی خوێندرایەوە.

لەهەر یەک لە پەیامەکاندا لە پێوەندی بە تیرۆرکرانی شەهید قاسملوو، ڕیبەری حیزبی دێموکڕات بەدەستی دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سیاسەتی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان شەرمەزار کرد و یاد و ناوی شەهید قاسملوو و هاوڕییانیان بەرز و بەهادار نرخاند و هاوکاتیش ئەو قۆناغە نوێیەی خەباتی  کوردستانی رۆژهەڵاتیش کە لە لایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت پشتیوانی لێکرا و بە هەنگاوێکی پیرۆز و پێویستییەکی مێژوویی باسیان لێوە کرد.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکاندا بە شێوەی جیاجیا هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئەو قۆناغە نوێیەی خەبات دەربڕی و پێداگریان کردەوە کە بە بەردەوام بوون لە تێکۆشان و خەبات بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی پڕ لە سەروەرییان بن و یاد و ناویان بۆ هەمیشە بە زیندوویی بهێڵنەوە.

لە کۆتایی بڕگەی یەکەمدا خاتوو موژدە حەیدەری هاوسەری شەهید سەرکەوت سەمەدی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. لە وتەکانیدا کە بە نوێنەرایەتی لە لایەن بنەماڵەکانی هەر پێنج شەهیدەکەی ناوچەی سەوڵاوا قسەی کرد، سوپاسی هەستی هاوخەمی و هاوسۆزی بەشدارانی کرد و وێڕای ڕێزگرتن و بەبایەخ زانینی خەباتی ئەو شەهیدانە بەڵێنی دا لە گرتنەبەری ڕێبازەکەیان و درێژەدانی خەبات بۆ هاتنەدی ئاواتەکانیان وەک ئاسوودەییەک بۆ ڕۆحی پاکیان لە هیچ هەوڵێک درێخی نەکەن. موژدە حەیدەری لە درێژەی قسەکانیدا دوایین وتەکانی شەهید سەرکەوتی هاوسەری کە لە دوایین گفتۆگۆکانیان دا پێی وتبوو بۆ بەشداران گێڕایەوە، ئەوەی کە شەهید سەرکەوت پێی وتبوو کە من بە بیروباوەڕی خۆم ئەو ڕێگەیەم هەڵبژاردووە و ئامادەشم بە ڕۆح و گیان پشتیوانی لێبکەم و لە مەرگیش باکم نییە.

بۆ شەهید دوکتۆر قاسملوو ناوی پەخشانێک بوو کە لەلایەن بەڕێز (مەلا محەمەد چۆمانی) خوێندرایەوە.

a yadi nwetrin shahidani pdkiلەبڕگەی دووهەمی کۆڕەکەدا هەریەک لە بەڕێزان لوقمان ئەحمەدی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕات و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حیزبە لە دەرەوەی وڵات)، بەڕێز د. خالید خەیاتی (مامۆستای زانکۆی ستۆکهۆڵم و کەسایەتی سیاسی کورد) و بەڕێز د. ئیدریس ئەحمەدی (مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی سیاسی) سێ باسیان لەپێوەندی بە سەرهەڵدانەوەی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرد.

بەڕێز لوقمان ئەحمەدی لەو بارەوە کاریگەری ڕۆڵ و کەسایەتی شەهید قاسملووی گرێداوە بەو هەنگاوەی حیزبی دێموکڕات و بە درێژی لەسەر ئەو بابەتە دوا. ئەوەش پوختەیەک لە باسەکەیەتی: 

هەر چەندە هەندێک کەس یان لایەن ئەو هەنگاوەی حیزب بە تازە دەزانن بەڵام ئەوە درێژەی خەباتی زیاتر لە حەفتا ساڵی حیزبی دێموکراتە و تەنانەت درێژەی خەباتی ئەو بزووتنەوە نەتەوەییانەی کوردە کە پێش لە درووستبوونی حیزبی دێموکراتیش هەبوون.

بێگومان حیزبی دێموکرات بە بێ لەبەرچاوگرتنی فاکتۆرەکان و دەرنجامی کارەکانی خۆمان و دووژمن  نە بڕیار دەدات و نە هیچ هەنگاوێک هەڵدەگرێت. ڕێبەرایەتی ئێستای حیزب و پێشمەرگەکان درێژەدەری ڕاستەقینەی ڕێبازی شەهید قاسملوون. لە بازنەی فکری شەهید قاسملووەوە چەند شتێکی تازە هاتە نێو خەباتی سیاسی کوردەوە یەک لەو شتە گرنگانە، دیاریکردنی بەهاگەلێکی سیاسی و ئەخلاقین کە نەک ڕوو بە هێزە سیاسییەکانی کورد بەڵکو لە بەرامبەر دووژمنەکەی و وڵاتانی داگیرکەریشدا لە چوارچێوەی پرەنسیپی تایبەتی خۆیدا بەڕێوەی دەبات. ئەوەی کە قاسملوو پێیوابوو کە ئەگەر کردەوەکانی شۆڕشگێڕێک دێموکرات نەبێ دوای گەیشتن بە دەسەڵاتیش ناتوانێ دێموکڕات بێت. بەو پێیەیە ئەگەر درواسێکانمان دێموکڕات نەبن و کۆمەڵێک بەهاو پرەنسیپ ڕەچاو نەکەن، ئەوا دوای ڕزگاری کوردستانیش بەردەوام لەگەڵیان لەکێشەدا دەبین. لێرەدا ڕوانگەی شەهید قاسملوو ئاشکراتر دەردەکەوێ کە لەپەنای داوای مافی نەتەوایەتی کورددا بۆچی داوای دێموکڕاسی بۆ ئێرانی دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەوتێک یان کەسانێک دژ بەو بۆچوونە دەوەستانەوە و پێیانوابوو کە پێویست ناکا خۆمان بە دراوسێکانەوە ماندوو بکەین. لەکاتێکدا کە وڵاتانی ئوورووپایی دێموکراتیکن و زۆر ئاساییە کە هێزێکی تر لەدەرەوە بتوانێ مەترسیان بخاتە سەر و ئارامییان لێ تێک بدات. حیزبی دێموکڕات ڕاست ئەو خوێندنەوەیەی بۆ داهاتووی کوردستانی ئازادکراو هەبووە و لەو ڕوانگەیەوەیە باوەڕی بە دابینبوونی دێموکڕاسی بۆ دەورووبەری خۆی بە پێویست زانیوە. ئەزموونی باشووری کوردستانیش نموویەکی بەرچاوی ئەو ڕاستییەیە.

خاڵێکی دیکەی گرنگ بەلای شەهید قاسملووەوە هێنانی هێزی نوێ و نەسڵی نوێ بوو بۆ نێو ڕیزەکانی حیزب. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ نەوەی نوێ ئامادە بکرێ و پەروەردە بکرێ بۆ ئەوەی ئەرکی درێژەدانی خەبات بگرێتە ئەستۆ، لەو ڕاستایەدا چەندان لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب دەنێرێتە دەرەوەی وڵات و ڕێگای گەیشتن بە زانست و خۆپێگەیاندنیان بۆ دەکاتەوە. هاوکات بایەخێکی تایبەتی و گرنگی بۆ یەکیەتیەکانی لاوان و ژنان دادەنا. هەر ئەوەشە کە ڕێبازەکەیان هەروا بەردەوامە و درێژەی هەیە.

لەسەر شەهیدانی ڕاسان ئاماژەی دا بەوەی کە هەموو شەهیدەکان لەهەر ئاستێکی بەرپرسیاریدا بووبن بەلای ئێمەوە وەک یەک جێگەی شانازین و تەنانەت هەر کوردێکی بێ گوناح کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەهید دەکرێ لەگەڵ شەهیدەکانی ئێمە هیچ جیاوازییەکی نییە. سەبارەت بەو گومان و پرسیارانەی لەسەر ئەو بڕیار و هەنگاوە نوێیەی حیزب بەڕێز ئەحمەدی ئاماژەی بە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هەڵوێستەی حیزب کرد و لەچەند خاڵدا کورتی کردەوە: خێرابوونی ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەرەگرتنی نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا و نانەوەی کێشە و ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچەکە، پشتیوانی ڕووکەش و ساختەی کۆماری ئیسلامی لە هێزە کوردییەکانی پارچەکانی تر بە مەبەستی دووبەرەکی سازکردن لە بەرژەوەندی پاراستنی ڕێژیمەکەی خۆیدا. دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە ئاستێک کە کاریگەری مەترسیداری بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانەوە هەیە و ئەگەر لە ئێستادا نەیبینین ئەوا لە داهاتوودا ئاشکراتر دەردەکەوێ. مەسەلەیەکی تر بەستراوەیی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان بوو بە جوڵە و بوونی هێزی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت حیزبی دێموکڕات.لەیەکەم ڕووبەرووبوونەوەی چەکدارانەشدا ئەو ڕاستییەمان بینی کە ئێران چۆن کەوتە هێرش کردن بۆسەر هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە ئێران هیچکات لەگەڵ سەربەخۆیی و مافی چارەنووسی کوردەکانی باشوور نەبووە و هەرکات ویستوویەتی کۆسپی لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە درووست کردووە. ئێمەش بە ڕاشکاوی بە هاوڕێیانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندووەکە دەبێ ئەوانیش دەستی ئێران و نفووزەکەی لە زۆر شوێنی هەستیاری هەرێمدا کورت بکەنەوە. ئەوانە بەگشتی هۆکاری ئەو ڕاسانە بوون و لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر باس لە سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسی حیزبەکان دەکرێ، ئەوا مافێکی ڕەهای خۆمانە کە سیاسەت و ستراتیژی خۆمان بۆخۆمان دابڕێژین. هەروەها ناشکرێ تا سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەڵات لەبەرامبەر بەرژەوەندییەکانی باشوور پەراوێز بخەین. ئەوەش هیچ بە مانای کێشە درووستکردن بۆ هەرێمی کوردستان نییە. سەبارەت بە دژکردەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕێبەری حیزبی دێموکڕات لەو باوەڕەدایە کە ئەو خەباتە نەک بێ کەمووکوڕی نابێ بەڵکو بیر لەو هەزینە گەورانەش کراوەتەوە کە دەبێ لە پێناویدا بیدەین. بێگومان هەر هێزێکیش کەلەباری بڕیاردانی سیاسی سەربەخۆ نەبێ و هێزی پێشمەرگەی نەبێت، دەبێ چاوەڕوانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زۆر کارەساتدا بکات. ئێمە خەباتی خۆمان جارێکی دیکە بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی خۆمان لە ڕۆژهەڵات بەتایبەتی گرێ دەدەینەوە و ڕەچاوی باروودۆخی پارچەکانی دیکەش دەکەین بە شێوەیەک کە نەبینە سەرچاوەی کێشە بۆیان. ئێمە کە خۆمان بە سەربەخۆ و خاوەن پێشمەرگە دەزانین ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ هەلومەرجی دژوار و پێشهاتی چاوەڕوانکراو و نەکراودا هەیە. ڕاسانی ئەو جارە نە لە ماوەیەکی کورتدا بە ئاکام دەگا و نە لە قوربانیدانیش دەوەستێ، بەڵکو پڕۆسەیەکی لەوانەیە درێژخایەن بێت بەڵام بە بەرنامە و سیاسەتی درووست پشتیوانی دەکرێ و درێژەی پێدەدرێ. سەبارەت بەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی حیزب دەکرێنەوە بە ڕاشکاوی ئەوە دەڵێین کە حیزبەکەمان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە کردەوە نیشانی داوە کە ئامادە نییە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک یارمەتی لە لایەنێکی تر وەربگرێ و دژایەتی لایەنێکی تر بکات.

لە پێوەندی بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێراندا ئامادەین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی ڕۆژهەڵات دەست لەسەر زۆر شتی تایبەتی حیزبی وەلا بنێین و لە دەوری یەکتر کۆبینەوە. بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە ڕێژیمی ئێران بەیەک سیاسەت بەرەنگاری هەموومان دەبێتەوە و بەلای ئیمەشەوە سەرکەوتنی حیزبێک قازانجی هەموو کوردە و شکستەکەشی زیانی هەموومانی لێدەکەوێتەوە.پێکەوە بەهێزتر و جوانتر و سەرکەوتووترین بەڵام ڕاناوەستین تا ئەوە سەر دەگرێ. خەباتی خۆمان بەڕێوە دەبەین و دەرگای دیالۆگ و پێکەوە کاردنیش کراوەیە و هەرکات گەیشتینە ئەنجامێکی هاوبەش ئەوکات خەباتی خۆشمان لەگەڵ خەباتی هێزەکانی دیکە هاوتەریب دەکەین و دەیگونجێنین. داواشمان لە ئەندامان و دۆستانمان ئەوەیەهەوڵ بۆ تەبایی بدەن و هەوڵ بۆ هاوکاری و یارمەتی ئەو ڕاسانە بدەن. لەکۆتاییدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەم و بەڵێن دەدەین درێژەدەری ڕێگاکەیان بین تا سەرکەوتن.

بەڕێز د. خالید خەیاتی بەر لە پێشکەش کردنی باسەکەی چەند وێنەیەکی بە بەشداربووان نیشان دا و شڕۆڤەی کردن، یەک لەو وێنانە وێنەیەکی خۆی بوو کە لەسەر گۆڕی شەهید قاسملوو لە گۆڕستانی پێرلاشێز گرتبووی. لە ڕێگای ئەو وێنەیەوە سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی شەهید قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و هیوای هاتنەدی ئاواتەکانیانی خواست. دواتر باسەکەی بە ناوی (سەرهەڵدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و ڕوانگە نوێیەکان) دەستپێکرد.

بەڕێز خەیاتی باسەکەی لەچوارچێوەی ئەو تەوەرانەدا شیکردەوە: ڕەوابوونی ئەو ڕاسانە، چ بکرێ بۆ بەرینترکردنی ئەو خەباتە؟ پەرچەکردارەکان سەبارەت بەو ڕاسانە، مەسەلەی ڕۆژهەڵات کە لە ناوەندەکانی سیاسی و میدیایی جیهانیدا خرابۆ پەراویزەوە جارێکی تر بۆوە ڕۆژەڤ و هاتەوە بەر باس.

ئەوەی خوارەوە پوختەیەکە لە باسەکەی بەڕێز د. خالید خەیاتی:

سیاسەتی گشتی لە ئێراندا بە بونبەست گەیشتووە. بەو پێیەی کە بچووکترین ئاڵوگۆڕ لە ئاستەکانی سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا نایەتە کایەوە. کاتێکیش کە سیاسەت بە بونبەست دەگات ناکرێ ئێمە دەستەوەستان دابنیشین و چاوەڕێی داهاتوو بکەین. ڕیفۆرمیستەکانی ئێرانیش لێزانتر لە تووندئاژۆکانن بۆ پاراستنی خودی ئەو نیزامەی کە ئەو ڕێژیمەی بنیاد ناوە، بۆیە هیچکات ناکرێ چاوەڕوانیمان لەوان هەبێ کە هەڵگری پەیامێکی گۆڕانخوازی بن لە ئێراندا.

کۆمەڵگای کوردستان لە باروودۆخێکی زۆر خراپدایە و مەترسییەکی یەگجار گەورەی لەسەرە. ئەگەر ئێمە بە ئەرکی مێژوویی خۆمان هەڵنەستین ئەوا لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەرەنجامە نەرێنییەکەی بەرۆکمان دەگرێت. لەگەڵ ئەوەی کە خەباتی مەدەنی لە کوردستاندا بەتایبەت لە هەندێک شاردا زۆر بەرچاوە، بەڵام بەپێی سیاسەتێکی کۆماری ئیسلامی هەیەتی زۆربەی چالاکانی مەدەنی یان ڕووبەڕووی ئێعدام و زیندان دەبنەوە، یانیش ڕێگایان بۆ دەکرێتەوە تا وڵات بەجێبێڵن.

کورد هیچ پێگەیەکی لە ئاستی ئێراندا لە بەشداری سیاسیدا پێنەدراوە و نییەتی. کەمترین پۆستی بەڕێوەبەری لە شارە کوردییەکان بەدەستی کوردەکانەوەیە. کوردستان موستەعمەرەیەکی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کوردەکان کەمترین دەسەڵاتیان هەیە بەسەر بارەکانی: سیاسی، ئابووری، نیزامی، دادگاکان، فەرهەنگ و کولتور، سیستەمی خوێندن، ژینگە، ئاسەوارە مێژووییەکان، ئاوەڕو وکشتوکاڵ و هتد. ئەوە پێویستی بە هوشیاربوونەوەیە، ئەگەر هوشیاربوونەوەیەک لە کوردستاندا نەبێ ئەوەی بەدەستیشمان هێناوە لەدەستی دەدەین. ئەو هوشیاربوونەوەش دەکرێ ڕاسان بێ، سەرهەڵدان بێ یان هەر جوڵانەوەیەکی تر بێ جێگای پشتیوانی لێکردنە.

ناکرێ چاوەڕوانیمان لە حیزبێک هەبێ کە خەباتی چەکداری بکات و ئێمەش سوپاسی بکەین. دەبێ هاواری بێ دەوڵەتی خۆمان بگەیەنینە گوێی هەموو دنیا، دەبێ گوتاری دەوڵەت نەتەوە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە کولتوری سیاسی و ئەقڵیەتی سیاسی حیزبەکان و تاکی کورد. تەریب لەگەڵ ئەو ڕاسانە دەبێ گوتارێکی لەو شێوەشی لە پشت بێ تا پشتیوانی نێودەوڵەتی وەربگرێ، ئەگەر نا کێشەی ئێمە هەر وەک کێشەیەکی ناخۆیی لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا دەمێنێتەوە.

بۆ ئەوەی ئەو خەباتە نوێیەش بەردەوام بێت پێویستیمان بە پڕۆژە و پلاتفۆرمی هاوبەشی زیاتر هەیە. ئەوەی کە لەو ماوەیەدا لە پێوەندی لەگەڵ ڕاساندا دیتمان کۆدەنگییەکی هێنایە کایەوە کە دەکرێ پەرەی زیاتری پێبدرێ و تەنانەت لە ئاستی دیپڵۆماسی نێودەوڵەتیدا ئەو پلاتفۆرمە هاوبەشە لەهەموو کات گرنگتر و پێویستترە. کورد یەکێک لە سیاسیترینەکانی دیاسپۆرایە. پشتیوانی دیاسپۆراش لە خەباتی ڕۆژهەڵات زۆر گرنگ و کاریگەرە، لانیکەم لە باری لۆجستیکی و داراییدا یارمەتییەکی بەرجاوی ئەو جوڵانەوەیە دەکات.

بەڕێز د. ئیدریس ئەحمەدی بە پشتیوانی لە باسەکەی بەڕێز خەیاتی، باسێکی لەسەر هۆکار و پێویستی ڕاسان لەو قۆناخەی ئێستای ڕۆژهەڵاتدا پێشکەش کرد. ئەوەش پوختەیەک لە باسەکەیەتی:

هۆکارەکانی ڕاسان

لە ئاستی ناوخۆییدا هۆکارەکەی بڕیار و ئیرادەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکڕات بوو. بێ هیوایی لە ئاڵوگۆڕ لە خودی ڕێژیمدا، ڕیفۆرمیستەکانی ئێران ''ڕێژێم پارێزن'' تا ''ڕیفۆرمخواز''. بەو پێیەی کە پێناسەی ڕیفۆڕم واتە گۆڕینی ڕیژیم. لە ئاستی ناوچەیی، پەلهاویشتنی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درووستکردنی ئاژاوە و مەترسی لەسەر ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچە هۆکاری سەرەکی بوون. یەک لەو نموونانەش دەستێوەردانەکانییەتی لە وڵاتی عێراق و باشووری کوردستان.

باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبوو ئەو هێزە بخەنە جوڵەوە تا نیشان بدەن لە هەر کاتدا دەکرێ خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات چالاک بێتەوە و دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستێتەوە.

لە سیاسەتدا هەر هێزێکی سیاسی لە دوو حاڵەتدا هەنگاو هەڵدێنێتەوە، یەکەمیان، لە وەڵامدانەوە بە خەتەری دەرەکی، دووەمیشیان بە لێکدانەوە بۆ هەلومەرجێک کە دەتوانێ زەمینە خۆش بکات بۆ گۆڕانێکی ڕیشەیی، کە پێموایە سیاسەتی حیزبی دێموکرات لەهەردوو حاڵەتەوە سەرچاوەی گرتووە.

نەتیجەی ڕاسان

بە یەکگرتنەوەی هێزە سیاسەییەکان و هاوپەیمانی لەگەڵ یەکتر، هەروەها کرانەوەی فەزای سیاسیی و یەکترقبوڵ کردن خەباتی ڕۆژهەڵات دەخاتەوە ڕۆژەڤ. ڕاسان دەتوانێ ورەبەخش بێ بۆ نەتەوەکانی تری ئێران و ئەو قورساییەش کە لەسە کوردە کەم بێتەوە بە شێوەیەک کە ئەوانیش بۆ داوای مافە ڕەواکانیان دەست بدەنە خەبات و تێکۆشان. نەتیجەی سێهەمی ئەو ڕاسانە ئەوەیە چۆن لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دوو هێزی سەربازی لەهەمان کاتدا سێکولار هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکەن و لە بەرەی دژ بە تیرۆر شەڕ دەکەن بە هەمان شێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکرێ ئەو هێزە کە هێزی پێشمەرگەیە پشتیوانی لێبکرێ و پشتی پێ ببەسترێ.

ئێران سەرچاوەی کێشە و نائارامی

ئێران نەک لە ناوخۆ تەوای پێکهاتە نەتەوەییەکان بە دوژمنی خۆی دەزانێ بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بە دوژمنی خۆی دەزانێ و کێشەی هەیە لەگەڵیان. ئەگەر کورد خاوەنی هەزاران ئاکادیمکەر، مامۆستای زانکۆ و خەڵکانی شارەزا بێ، ئەوا بە بێ بوونی هێزی پێشمەرگەی چەکدار نە ڕێبەریمان ئۆتۆریتەی دەبی، نە خەڵک تەیار دەبێ، نە مەسەلەی کورد دەکەوێتە سەر ئاجێندا و نە پشتیوانی نێودەوڵەتیشت بۆ درووست دەبێت.

بەشی کۆتایی کۆڕیادەکە تەرخان کرا بۆ ڕا و سەرنجی بەشداران لەسەر باسەکان کە دواتر لەلایەن کۆڕگێڕەکانەوە وەڵامیان درایەوە.