14457387 149811178807800 2074205160103979136 n

نوێترین ئامارە حکومەتییەکان باس لە بوونی زیاتر لە ١٣ میلیۆن "پەراوێزنشین" لە ئێران دەکەن.

سەرۆکی دەزگای بێهزیستیی ئێران، ئەنوشیروان مۆحسێنی، لە نوێترین لێدوانیدا ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە؛ لە ئێراندا ١٣ میلیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا و لە خراپترین بارودۆخدا دەژین کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.

درکاندنی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٢دا سەرۆکی گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی وەزیری نێوخۆی ڕێژیم باسی لە بوونی لانیکەم ١٨ میلیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا کردبوو.

هەرچەند کە خودی ئەم ڕێژەیەش جێگەی گەنگەشە کردنە و بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕێژەی پەراوێزنشینەکانی ئێران هەیە، بەڵام ئەوەیکە ئاشکرایە ڕێژەی ئەم حەشیمەتە لێقەوماوە ڕۆژانە لە ئێراندا بەرەو سەرێ هەڵدەکشێ؛ عەلیڕەزا مەحجوب ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم لە ڕەشەمەی ساڵی ٩٣دا باسی لەوە کردبوو کە؛ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٦١ی هەتاوی، ڕێژەی پەراوێزنشینی لە شارەکانی ئێران ١٧ قات زیادیان کردووە.

زۆرترین نموونەکانی ئەم دیاردە لە شارەکانی تاران، کەرەج، تەورێز، مەشهەد، سنە، کرماشان، زاهێدان و هەمەدان بینراوە.

درکاندنی ئەم ئامارانە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران یەکێک لە هۆکارەکانی ڕاپەڕینی خەڵک بوونی "حەلەبی ئابادەکان" لە ئێراندا بوو.

ئەو ناوچانەی کە پەراوێزنشینەکان تێیدا نیشتەجێن خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە زەقترینیان بەم چەشنەیە: هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکن، بێکاری تێیدا زۆر بەربڵاوە، ئاستی داهات و فێرکاری زۆر لە خوارێیە و بەپێچەوانەشەوە ڕێژەی تاوانکارییەکان گەلێک لە سەرێیە.

بە ڕای کۆمەڵناسان، ئەم ناوچانە باشترین بەستێنیان بۆ خستنەڕووی ئازادانەی ماددە سڕکەرەکان، دزی کردن، فرۆشی منداڵ، لەش فرۆشی و دروست کردنی منداڵانی کار هەیە؛ بەکورتی لەبارترین کۆمەڵگان بۆ بردنەسەری ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان.

هاتنەئارای ئەم بارودۆخە لەپاش نیزیک بە ٤ دەیە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە؛ خومەینی لە پاش هاتەسەرکار ڕوو لە خەڵکی ئێران باسی لە بنبڕکردنی هەژاری و جێگیرکردنی ئارامی و تەناهی دەکرد؛ پرسێک کە هیچکات بۆیان جێبەجێ نەبوو، ئەمەش بەو هۆیەوە کە سامانی وڵات تەنیا بەشی گیرفانەکانی خۆیانی دەکرد.