IMG 20200308 192336 834

ژنی کورد و ٨ی مارس

ئاویەر شێخی
ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان دیاریکرا بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و بەرابەری و ڕزگاربوون لە جیهانی پیاوسالار.
لەم وتارەدا دەمهەوێت بەبێ چوونەسەر باسی خەباتی درێژی ژنان لەماوەی سەدساڵی ڕابردوو و پەیدابوونی ڕەوت و بزووتنەوە و قۆناغە جیاوازەکانی فێمینیزم و هاوکات بێ ئاماژەدان بەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە و سەردەمی دیاریکرانی و دروشمەکانی ئەم ڕۆژەدا هاتوون هەوڵبدەم باسێک بکەم سەبارەت بەو قۆناغە کە ژنانی کورد لە میانەی خەباتیان بۆ ماف و داخوازییەکانیان پێیگەیشتوون و ئەو پرسیارە بوروژێنم ئایا ژنانی کورد لە تێکۆشان و خەباتەکەیاندا گەیشتوونەتە ئاستێک کە بتوانن جەژن بۆ ڕۆژێکی تایبەتی خۆیان بگرن؟
بێگومان بەچاوخشاندنێک بە ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە مەبەستی ئەم پرسیارە دەگەین، بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ماوەی نێوان مانگی مارسی ٢٠١٩ بۆ مانگی مارسی ٢٠٢٠، ١١٤ ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و لانیکەم ٣٤ ژن لەلایەن کەسوکارییانەوە کۆتایی بە ژیانیان هێنراوە.
ئاشکرایە کە ئەم ئامارانە دەکرێت زۆر زیاتربێت لەوەی کە دەخرێتە ڕوو چونکە زۆرێک لە بنەماڵەکان بەناوی پاراستنی شەرەف و نامووسەوە ئەم قەتڵ و تاوانکارییانە پەردەپۆش دەکەن و بەدەستی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ناگات.
جیا لە کوشتن و خۆکوشتنی ژنانی کورد هاوکات بەشوودانی کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ یەکێکی دیکە لەو دەردانەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەپێی ئاماراێکی بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی پارێزگای سنە %٢١ ئەو كچانەی هاوسەرگیریان کردووە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵانەوەیە لەپاڵ هەموو ئەو ئامارانەدا ڕاستییەکی تاڵی دیکەی کۆمەڵگە دیاردەی خەتەنکردنی کچانە کە بەداخەوە تا ئێستاش لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستاندا هەر ماوە.
جیاوازی خەباتی ژنانی کورد لەگەڵ خەباتی ژنانی دیکەی جیهان لەوەدایە کە ژنانی کورد هاوکات لەگەڵ گیرۆدەبوونیان بەدەستی یاسا و ڕێسا کۆنەپەرەستانە باوەکانی کۆمەڵگە هاوکات ژنانی کورد لەدژی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستی وەکو ڕێژیمی ئاخوندی لە خەباتدان کە سەرجەم یاسا و ڕێساکانی ڕێژیم دژەژنە و هاوکات بچووکترین ئازادییە تاکەکەسییەکانیشی لە ژنان وەرگرتۆتەوە و لە سایەی یاساکانی ڕێژیمەوە برەو بە قەتڵی ژنان و بەشوودانی کچانی ژێر ٩ ساڵ و نەبوونی ئازادی چوونەدەرەوە لە ماڵ و بێبەشبوون لە پێشانگاکان و زۆرێک لە بەشەکانی خوێندنی دەدرێت. کەواتە بەبوونی ئەم ڕێگر و بەربەستانە دەکرێ بڵێین هێشتا زۆری ماوە تا ژنانی کورد بەبۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەییانەوە جەژن بگرن.
ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپاڵ خەبات بۆ ڕزگاربوون لە کەلەپچەی پیاوسالاری هاوکات ئەرکێکی تریشی کەوتۆتە سەرشان ئەویش ڕزگاری نەتەوەیی و خەباتە دژی داگیرکەر و دیکتاتۆری، کە ئەم خەباتەش جودا نییە لە خەباتی یەکسانیخوازی بەڵکوو لێکگرێدراون.
 ژنی کورد بەدرێژایی شۆڕشە ڕزگاریخوازەکانی نەتەوەکەی ڕۆڵ و پێگەی دیاری لەو شۆڕش و بزاڤانەدا گێڕاوە و تەنانەت هەندێکجار ئەوە ژنانبوون کە ڕێبەری ئەم شۆڕشانەیان کردووە بوونەتە سیمبۆل و هێمای ڕەچەشکێنی بۆ نموونە : حەپسەخانی نەقیب، عادیلەخان، قەدەم خێر و فاتمە ڕەش و لەیلا زانا و زۆرێکی تر.
سەرەڕای بەشداری بەرچاوی ژنی کورد لە کۆڕی خەبات و ڕزگاری نەتەوەیی بەڵام بەهۆی ژێردەستبوونی کورد و نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و دێموکراتیک بەداخەوە بە بەراورد لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی تر ژنانی کورد کەمتر توانیویانە بەدوای ماف و داواکارییە ڕەواکانی خۆیاندا بکەون و خاڵێکی جێگەی سەرەنج لە خەباتی ژنانی کوردا بریتیە لە لێکدانەبڕاوبوونی مەسەلەی ئازادی ژن و ڕزگاری نەتەوەیی کە دوابەدوای دەستپێکردنی سەردەمی داگیرکاری کۆڵۆنیاڵیستییەوە چەوساندنەوەی ژنان و دابڕاندنیان لە کۆمەڵگە دەستیپێکردووە، بۆیە ئەمە دەرخەری ئەوە ڕاستیەیە کە ژنی کورد کاتێک بە مافە ڕەواکانی دەگات کە نەتەوەکەی سەربەست و ئازادبێت و شوناسی نەتەوەیی پارێزراوبێت.
گرفتێکی دیکەی بەردەم ژن و خەباتی ژنان دنیای سەرمایەدارییە، چونکە سەرمایەداریی لە هەوڵی پێناسەکردنەوەی بەهای مرۆڤە بە شێوازی تایبەتی خۆی بۆ نموونە پێوەرەکانی سەرمایەداری بۆ ژنبوون و پیاوبوون، مرۆڤی سەردەمی نوێێ بەشێوەیەکی نەخوازراو گیرۆدەی خۆی کردووە و هاوکات پێناسەکردنی ژن وەک بوونەوەرێکی لاواز و پیاو وەک بوونەوەرێکی بەهێز یەکێکی دیکە لە گورزانەیە کە سەرمایەداری بوونیەتی ژن و پیاوی داوە.
ستەمێکی دیکەی دنیای سەرمایەداری کە بەڵگەیە بۆ هەڵسووڕانی ئەم دنیایە بە ئەقڵانیەتێکی پیاوسالارانەوە، کورتکردنەوەی پێناسەی ژنبوونە لە بابەتەکانی جوانکاریی و کازمۆتیکدا بەجۆرێک زۆربەی ژنانی فێمێنیست ئەم پێوەرانە بە پێوەری ژنبوونی خۆیان نازانن و بەداخەوە ئەم ستەمەی دنیای سەرمایەداری ژنانی کوردیشی گرتۆتەوە و بێ ئەوەی هەست پێبکەین ئێمەش بووینەتە ئامرازێک بەدەست ئەم سیستەمەوە و سەرمایەداری بەو شێوەیەی کە بیهەوێت دەتوانێ پێناسەی بوون و بەهاکانمان بکات.
ئەم دۆخە بۆ ژنی کورد لە ژێر دەسەڵاتی کۆماریی ئیسلامییدا مەترسیدارە، چونکە ژنی کورد لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا دووجار دەچەوسێنرێتەوە جارێک وەک کورد و جارێکیش وەک ژن، بۆیە تێکەڵاوبوونی مرۆڤ بە دنیای سەرمایەداری و گۆڕانی بەها پیرۆزەکانی بۆ شتێکی دیکە کارەسات دەخوڵقێنت مەبەستەکەم ڕوونتردەبێتەوە کاتێک خوێنەر وێنای تاکێک بکات کە شوناسی لەژێر مەترسی سڕینەوەدابێت و هاوکات بەدەست کۆت و بەندە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگەوە بناڵێنێت و بەرەو تێکەڵبوون بە دنیای مۆد و تێکنۆلۆژیا بڕوات، دنیایەک کە بەهاکانی لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە دیاریدەکرێت.
لەگەڵ هەموو ئەو گیروگرفت و بەربەستانەی کە لەبەردەم ژنانی کورد و خەباتەکەیان بۆ یەکسانیدا هەیە بەڵام ئامانجی من دروستکردنی بێ هیوای نییە بەڵکو بە هیوایەکی زۆرەوە دەتوانم بڵێم ژنانی کورد دەتوان بە خوێندن و بردنەسەری ئاستی زانیاریی و تێگەیشتووی سیاسی خۆیان شانبەشانی پیاوان لە کۆمەڵگەدا بۆ ویستە نەتەوەییەکان و دابینکردنی ئازادی و بەرابەری تێبکۆشن.
هاوکات پەیامی ئەم وتارە ڕوو لە ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی کورد و بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانی کوردە کە بتوانن خۆیان لە سیستەمی داسەپاوی سەرمایەداری و بەهاکانی دەربازبکەن و بەها و پیرۆزی بۆ ژن و کۆمەڵگە بگەڕێنەوە هاوکات ئەوان دەبێت تێبکۆشن کە خۆیان لە لاسایکردنەوەی کوێرانەی بزووتنەوەکانی ژنانی جیهان بپارێزن و لە ڕوانگەی ژنناسی کوردییەوە هەوڵی دابینکردنی یەکسانی بدەن.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم ژنی کورد تەنیا ڕۆژێک دەتوانێت بەبۆنەی ٨ی مارسەوە جەژنبگرێت کە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساندا و لەژێر سایەی ئاڵای کوردستاندا ژیان بکات.
ئێستا کاتی خەبات و هەوڵدان و شۆڕشە!