IMAGE 2018 09 12 170850

 

لاوان میدیا: کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، دژ بە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی "لاوان میدیا" لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۱۲ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی، کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بە بەشداری بنەماڵەی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان/۸ی سێپتامبر، بە بەژداری نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کورستان، بەمەبەستی شەرمەزار کردنی کردەووە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان/۸ی سێپتامبر، لە ناوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵات بۆ سەر کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی ڕێبەر و وێنەی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان/۸ی سێپتامبر و وتنەوەی دروشمە شۆڕشگێڕانەکانیان لە سێدارەدانی سێ لاوی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات پەلامارە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگا و کەمپی ژن و منداڵ حیزبی دێموکراتیان مەحکووم کرد.

پاشان پەیامی نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکان، کەسایەتییەکان و بنەماڵە شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان/۸ی سێپتامبر، خوێندرایەوە و لە پەیامەکانیاندا کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد و لە ئەگەر دووپات بوونەوەی هێرشی هاوشێوە هۆشداریان بە کۆماری ئیسلامی دا .