IMG_20180911_125751_328.jpg

کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی شاری ڕەبەت بە هۆی کەوتنەوە خوارەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار دەبێت


لاوان میدیا: لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی پیشە و کارەوە ناچارن ڕوو بکەنە پیشەی پڕمەترسی کۆڵبەرەی، سەرەڕای ئەوەش ڕۆژانە بە هۆکاری جۆراوجۆر دەبنە قوربانی، بەتایبەت بە هۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۰ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۱۱ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی، کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی شاری ڕەبەت، بە نێوی "حوسێن ئەحمەدی"، کوڕی سەید ئەحمەد، تەمەن ۲۳ ساڵ، بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار بووە و لە ناوەندی دەرمانییەکانی شاری سەردەشت لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە.

پیشەی کۆڵبەری لە نێو لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە سەرچاوەی بژیوی ژانیان، سەڕای ئەوەی کە زۆربەی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی دەبڕن، بە هۆی ئەو فەرق و جیاوازییانەوە کە ڕێژیم لە نێوان نەتەوەی حاکم و نەتەوەکانی دیکە هێناویەتە ئاراوە، لاوانی نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەتی لاوانی کورد و بەلووچ لەو بووارەی کە خوێندنیان تەواو کردووە، لە شوێنە حکوومەتییەکاندا دانامەزرێن و پاش خوێندن بێکار دەبن.

ئەم هۆکارەش وایە کردووە کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بژیوی ژیانیان لە ناچاریدا ڕوو بکەنە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری، سەرەڕای ئەوەش هێزە حکوومەتییەکان دەبنە کۆسپ لە سەر ڕێگایان و رۆژانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکان ڕێژیم دەبنە قوربانی.