RTGNYIR

 

ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کورستانی ئێران، هەروەک ئاگادارن، کۆماری تیرۆریستپەروەی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی دەست درێژی و هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان بەتایبەت پەلامارە تیرۆریستییەکانی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ۱۷ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۸ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی، هەموو هێڵە سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان ــ باشوور، دەبەزێنێت و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان، کەمپەکانی ژن و منداڵانی حیزبی دێموکراتی کردە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی و لاپەڕەیەکی‌تر ڕەشی لە مێژووی دەستکردی خۆیدا تۆمار کرد.

لە ئاکامی ئەو هێرشە نامرۆڤانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەداخەوە پۆلێک هاوڕێ تێکۆشەر و دڵسۆزمان تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوون و ڕێژەیەکی زۆریش لە هاوڕێیانمان بریندار بوون، هاوکات لە بەربەیانی هەمان ڕۆژدا سێ لاوی بێ تاوانی کورد لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، بە ناوەکانی ڕامین حوسەین‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی کە تەنیا تاوانیان کوردبوون بوو لە سێدارە دەدات.

بە مەبەستی ئیدانە کردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر سەرجەم کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیم بەتایبەتی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان/۸ی سێپتامبر، لەلایەن ناوەندی ڕێکخستنی گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان لە باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنین، چالاکانە پەیوەست بن بەو خۆپشاندان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەوە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هاوکاری حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکیان هێناون.


ناوەندی ڕێکخستنی گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۱۹ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی
۱۰ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی