IMG 20180911 001438 502

 

لاوان میدیا: لاوان ئەو چین و توێژە پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگان کە هەردەم بیر لە ئاڵوگۆڕی نوێ بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگاکەیان، دەکەنەوە.

لە کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوەیی وەکوو وڵاتی ئێران کە حکوومەتی فاشیست و کۆنەپەرستی ڕێژیمی ئاخوندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سەر هەموو نەتەوەکانی چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا زاڵە و سەرەتایی‌ترین مافی نەتەوەکانی ئەو وڵاتەی قەدەغە کردووە، لاوان لە بەدەست هێنانی مافەکانی نەتەوەکەیان سەرەکی‌ترین ڕۆڵ دەگێڕن، هەربۆیە ئاساییە کە کۆماری ئیسلامی ترسی لە لاوانی ئەو وڵاتە بۆ کۆتایی هێنان بە حکوومەتە دیکتاتۆرییەکەی هەبێت.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شۆڕشی وڵاتانی جیهان بدەینەوە و چاوێک لە مێژووی خەباتی پڕهەواز و نشیوی نەتەوەکەی خۆمان بکەین، دەبینین کە لاوان چە ڕۆڵێکی کاریگەر و شوێندانەریان لە بەرەوپێش چوونی ئەو شۆڕشانەدا هەبووە.

ڕێژیم لە بەرانبەر گڕکانی شۆڕشی مافخوازانەی لاوانی نەتەوەکانی ئێرانی دەستکرد بەتایبەت لاوانی چاونەترسی نەتەوەی کورد، هەستی بە ترسێکی مەرگبار دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات بە دڕندانەترین و تراژیدیاترین شێوە سەرکوتیان بکات، یان لانیکەم ئەو لاوانەی کە ناڕازین لە هەمبەر دیکتاتۆریەتی ئەو حکوومەتە دواکەوتووە، وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن تاکوو دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیی لە دڕندەیی و کۆمەڵکوژی خەڵکانی چوارچێوەی وڵاتی ئێران لە سەرویی هەموویانەوە نەتەوەی کورد، بەردەوام بێت.

ماڵپەڕی "ئاڤاتوودەی" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوە دەدات لاوانی ناڕازیی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن"، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە؛ لە ئەمساڵدا ڕێژەیەکەی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئێرانی بە مەبەستی پەنابەری خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەورووپایی، تەنیا لە وڵاتی سێربستان ڕێژەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئەمساڵدا ڕوویان لەو وڵاتە کردووە بەپێی ساڵی ڕابردوو ۱۶۳۱ کەس زیادی کردووە.

ساڵی ڕابردوودی میلای ۱۶ کەس بە مەبەستی پەنابەری ڕوویان لە وڵاتی سێربستان کردووە، بەڵام لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا هەنووکە ۱۶٤۷ ئێرانی داوای پەنابەریان لەو وڵاتە کردووە کە ڕێژەیەکی هەرە زۆریان لاوان بوونە.